ئەدهەم بارزانی: نزیکی پێنج ساڵە بە فەرمانێکی تاک لایەنەی حاکمەکانی هەولێر دوورم لە زێد و کەسوکارەکەم

ئەدهەم بارزانی ئاشکرایدەکات، بە هۆکارێک کە نازانێت چییە، بۆ چوار ساڵ دەچێت لەلایەن حاکمەکانی هەولێرەوە ڕێگری لێدەکرێت بگەڕێتەوە لای خزم و کەسوکارەکەی.

ئەدهەم بارزانی نووسینێکی لە پەڕەی سەرەکیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردووەتە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی، 5ی حوزەیرانی 2026، دروست دەبێت بە چوار ساڵی تەواو و هەنگاو دەنێین بەرەو پێنجەمین ساڵ، کە من لە زێدی خۆم، دوور لە کەسوکار، خێزان و منداڵەکانمم، هەروەها دایکم، برا، خێزانی برام و چەندین کەسی نزیکتری من چوونەتە بەر ڕەحمەتی خودای گەورە، کە بۆ من نەبوو لە پرسە و ناشـ.ـتنی ئەم ئازیزانە بەشدارببم، ئەوەش لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە بە فەرمانێکی تاکلایەنە و پێچەوانەی دەستووری عێراق و یاساکانی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە نادەستووری و نادادپەروەرییە، لەلایەن حاکمەکانی هەولێرەوە دژ بە من دراوە، بێگومان دورخستنەوەی من لە دەڤەر و زێدی خۆم هەرگیز کەلێنی خۆشەویستی لەنێوان من و ئازیزانی سنورەکەم دروستنەکردووە، بەڵکو زیاتر لە جاران بە پەرۆشن بۆ هەر هەنگاوێکی ئێمە لە داهاتوودا.

دەشڵێت، هەڵوێستەکانی من لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر گیراوەكانی دەڤەری بادینان، لەشكركێشی و داگیرکردنی خاكی باشووری کوردستان، بەرگریکردن لە مافە ڕەوا و داستانە مێژووییەكانی خۆمان بوو كە زەوت و پێشێل و چەواشەکراون، دڵنیام هەڵوێستی دەیان هەزار هاوڵاتی دیکەی ئەم گەلە بەشمەینەتەیە، کە هەزاران کەس لەسەر هەڵوێستەکانیان لەو سنوورە شاربەدەر و ئاوارەکراون، دەسەڵاتی خۆجێیی هەولێر هەرگیز بەرگەی بۆچوونی جیاوازی نەگرتووە و هەمیشە ویستوویەتی دەنگە ئازادەکان کپ بکرێن کە کپیش کراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێرەوە جارێکی دیکە داوا دەکەم، جگە لەو سێ بەیاننامەی کە بڵاومکردووەتەوە، بۆ ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرای بکەن و بڵێن، ئێمە بەهۆی ئەم هۆکارانەوە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەدهەم بارزانی دەکەین بۆ زێدی خۆی.

لە کۆتایشدا دەڵێت، بە دەرفەتی دەزانم زۆر سوپاسی خەڵکی ئازیزی سلێمانی، هەموو ناوچەکانی دیکە دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورە، بە تایبەت برای هێژام کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بکەم، کە منی قبوڵکرد و نەیهێشت ئیحساسی غەریبی بکەم، هەروەها سوپاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئـ.ـێران و بەرپرسەکانی دەکەم کە لەم چوار ساڵەی دەرکردنی من، لەلایەن حاکمانی ئێستای هەولێر، وەک دەیان ساڵی خەبات و تێکۆشانی ئێمەی گەلی کورد دژ بە ڕژێـ.ـمی سـ.ـەدام حـ.ـسێن، ئەوان لەم چوار ساڵەی رابردوودا منیان هەندێکجار وەک ئاوارەیەک قبوڵکردووە، باوەشی خۆشەویستی و موحیبەتیان بۆ من کردووەتەوە، لە هەموو ئەم شوێنانە هەرگیز نەیانهێشت هەست بە نائاسودەیی بکەم، وەک هەمیشە کە وتوومە بارزان بۆ من سلێمانییە و سلێمانیش بۆ من بارزانە، خودای گەورە خێری هەموو یەک بنووسێت، ئەوەی کە کراوە لە گەڵ من زوڵمێکی یەکجار گەورە بووە و خودای گەورە ئەم مافە وەردەگرێتەوە، دوور یان نزیک، داوا لە ئازادیخوازان و حکومەتی عێراق دەکەم کە لەسەر ئەم کەیسە و دەیان بەڵکو سەدان کەیسی دیکە بێدەنگ نەبێت و ڕێگە نەدەن دەستوور پێشێل بکرێت.

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share