جوانە واحید، پارێزەر: ئەگەر دایک و باوک ڕێگری لە منداڵەکەیان بکەن بۆ خوێندن سزادەدرێن

ڕۆژی 1ی حوزەیران بە ڕۆژی جیهانیی منداڵان، دەستنیشانکراوە.

هێشتا منداڵانی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی سواڵپێکردن، بێبەشکردن لە خوێندن و چەندین توندوتیژیی دیکە دەبنەوە.

لە بارەی مافەکانی منداڵ و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی یاسا لەو ڕووەوە، جوانە واحید، پارێزەر، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی منداڵمان نییە، چەندین پڕۆژە یاسا پێشکەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان نەبوون بە یاسایەکی ڕەسمی کە کاریپێبکرێت، لە جێگەی ئەوە کۆمەڵێک یاسای گشتیمان هەیە هەموو چین و توێژەکان دەگرنەوە و لەناویاندا منداڵان، بەڵام ئەوە بەو واتایە نایەت کە مافەکانی منداڵان ناپارێزرێت.

وتیشی، یاسای چاودێریی نەوجەوانان، بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی، یاسای باری کەسێتی و یاسای کارمان هەیە کە تیایاندا باسی منداڵ کراوە، هەروەها جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی منداڵ هەیە کە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەت پێوەی پابەندە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کاتێک منداڵێک ڕووبەڕوی توندوتیژیی جەستەیی یان دەروونی دەبێتەوە یاسا چۆن دەستوەردان دەکات؟ جوانە واحید وتی، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیمان هەیە ژمارە 8ی ساڵی 2011، لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمەوە تیمی پۆلیس و توێژەر دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە بۆ ئەوەی کێشەکەی چارەسەربکەن، ئەگەریش پێویست بوو منداڵەکە لە خێزانەکەی جیابکرێتەوە پێویستمان بە بڕیاری دادوەرە بۆئەوەی ببرێتە شەڵتەرێک بڕیارەکە ناوی ‘فەرمانی پاراستن’ە، ئەو کەسەی ئازاری منداڵەکە بدات سزای توند دەیگرێتەوە بەتایبەت تاوانی دەستدرێژیی سێکسی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر منداڵی تەمەنی خوار 18 ساڵ لەلایەن سەرپەرشتیار یان دایک و باوکەوە ناچاربکرێت بە سواڵکردن یان بە کارێکی تاقەت پڕوکێن، دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵەکە سزای قورس دەدرێن و دەستگیردەکرێن.

ئەو پارێزەرە ئاماژی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا خوێندنی بنەڕەتی خوێندنێکی یاسایی زۆرەملێی خۆڕاییە، ئەگەر دایک و باوک ڕێگری لە منداڵەکەیان بکەن بۆ خوێندن، سزا دەدرێن و دەستگیردەکرێن و منداڵەکە دەدرێت بە کەسی شایستە یان خانەی بێسەرپەرشتان.

وتیشی، بەشێک لەو منداڵانەی سواڵدەکەن لەلایەن باندەوە بەکاردەهێندرێن و بازرگانییان پێوە دەکەن کە بەشێکیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هێندراون.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئامانج رەحیم: پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ئاستی جیهان دەبێتە خاوەن کۆدی نێودەوڵەتی

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دانیشتنەکەی ئەمرۆ لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە، یەکدەنگ و یەک هەڵویستی کوردی…
Total
0
Share