بڕی پێویستی ئاو بۆ جەستەی مرۆڤ لە وەرزی گەرمادا چەندە؟

لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، پرسی کەمئاوی و کاریگەرییە تەندروستییەکانی لەسەر جەستەی مرۆڤ دەبێتە ڕۆژەفی سەرەکیی ناوەندە پزیشکییەکان.

پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری توند دەدەن لەوەی کە پشتگوێخستنی ئاوخواردنەوە لەم وەرزەدا مەترسیی جددی بۆ سەر کارکردنی گورچیلەکان و کۆئەندامی دەمار دروستدەکات، چونکە جەستە بەهۆی ئارەقکردنەوەی زۆرەوە بڕێکی بێشومار لە شلەمەنییە گرنگەکانی لەدەستدەدات.

بەپێی ڕێنماییە جیهانییەکانی بواری تەندروستی، بڕی پێویستی ئاو لە ڕۆژانی گەرمادا بەپێی ڕەگەز و ئاستی چالاکی دەگۆڕێت؛ بە جۆرێک پیاوان ڕۆژانە پێویستیان بە 3.5 بۆ 4 لیتر ئاو هەیە کە هاوتایە لەگەڵ 13 بۆ 16 پەرداخ، لە کاتێکدا ژنان پێویستیان بە 2.5 بۆ 3 لیتر ئاو هەیە کە دەکاتە نزیکەی 10 بۆ 12 پەرداخ.

ئەم بڕەش بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوە کار دەکەن یان وەرزش دەکەن زیاتر دەبێت، بە شێوەیەک پێویستە بۆ هەر کاتژمێرێک چالاکیی بەردەوام لەبەر هەتاو، بڕی نیو لیتر ئاو لەو ڕێژە سەرەکییە زیاتر بخورێتەوە.

پزیشکان ئامۆژگاریی هاوڵاتییان دەکەن کە بە چاوەڕێکردن بۆ هەستی تینوێتی خۆیان فریونەدەن، چونکە تینوێتی نیشانەیەکی درەنگوەختی وشکبوونەوەی جەستەیە، لەبری ئەوە پێویستە سەرنج بخرێتەسەر نیشانەکانی دیکەی وەک گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ زەردی تۆخ، سەرئێشەی بەردەوام، گێژبوون و وشکبوونی توندی لێو و پێست، کە هەموویان ئاماژەن بۆ پێویستیی بەپەلەی جەستە بە شلەمەنی.

بۆ پاراستنی شێداریی جەستەش، پسپۆڕان ڕێنمایی دەدەن کە ئاو بە شێوازی کەم کەم و بەردەوام لە کاتژمێرەکانی ڕۆژدا دابەشبکرێت، نەک خواردنەوەی بڕێکی زۆر بە یەکجار.

هەروەها جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لە ئاوی زۆر سادر (سەهۆڵاو) دەکرێتەوە کە دەبێتە هۆی گرژبوونی دەمارەکانی گەدە و کێشە بۆ پرۆسەی هەرەس دروستدەکات، لە کاتێکدا ئاوی فێنک بە باشترین بژاردە دادەنرێت، لە پاڵ ئەمەشدا، خواردنی ئەو میوە و سەوزەواتانەی ڕێژەی ئاویان بەرزە وەک شوتی، کاڵەک و خەیار، وەک یارمەتیدەرێکی بەهێز بۆ قەرەبووکردنەوەی شلەمەنییە لەدەستچووەکان و پاراستنی هاوسەنگیی جەستە سەیردەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی جیهانی: هەفتەی ڕابردوو لە هەر 44 چركەیەكدا كەسێك بە كۆرۆنا گیانیلەدەستداوە

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، سەرباری كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا، بەڵام لە هەفتەی ڕابردوودا لە هەر…
Total
0
Share