وەزارەتی کارەبا: بڕی 3 ملیار دینار داشکاندن بۆ هاوڵاتییان دەگەڕێندرێتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕی داشکاندنی 3 ملیار دینار گەڕێندرایەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە ڕێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڵە لە پڕۆسەی پسوولەکردن، سیستمی نوێی پسوولەکردن نزیکەی 118 هەزار هاوبەشی ماڵانی دیاریکردووە کە بەتەواوی لە داشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند نەبوون.

ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەژماردەکرێت. ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی ڕووناکی، لە ڕێگەی کورتەنامە ئاگاداردەکرێنەوە.

داتاکانی پەیوەست بە داشکاندن لە کوردستان:

کۆی گشتیی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان: 3.031 ملیار دینار

ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 117,628

تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان: 25,768 دینار

ئاماژەی بەوەشدا، “تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 5.5 ملیۆن هاوڵاتی کە زیاترە لە ٪85ـی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی و بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ـی هاوڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share