کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین بەڕێوەیە و مەودای بینین بۆ 3 کیلۆمەتر کەمدەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق بەڕێوەیە و کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش درێژدەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، سەرەتا لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان (پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری و دەشتی هەولێر) دەستپێدەکات، پاشان لە کاتەکانی سبەی بەیانی ڕۆژی هەینی، کاریگەریی خۆڵبارینەکە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان درێژدەبێتەوە و بەگشتی مەودای بینین لەنێوان (5-7) کیلۆمەتردا دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێشبینیشدەکرێت لە شەوی هەینی لەسەر شەممە، کاریگەریی تۆز و خۆڵەکە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین زۆر زیادبکات و مەودای بینین کەمبێتەوە بۆ 3 کیلۆمەتر.
کەشناسی دەشڵێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران لە ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان؛ پاشان لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت. شایەنی باسە پلەی گەرما نزمدەبێتەوە بە (3-5) پلەی سیلیزی.