شارەوانیی سلێمانی، ڕایگەیاند، تێکشکاندنی موڵکی گشتی، بریندارکردنی جوانیی شارە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ڕایگەیاند، پارک، باخچە و شوێنە گشتییەکان، موڵکی هەموومانن؛ شوێنی ئارامی، جوانی و هەناسەدان و پشوودانی دانیشتووانی شارن، بە داخەوە هەندێک لە پێداویستیی ناو پارکەکە وەک شوێنی فڕێدانی خۆڵ و جێگای دانیشتن و پشوودانی هاوڵاتییان بە شێوەیەکی نەگونجاو تێکشکێندراون، ئەوەش تەنیا زیان بە کەلوپەلی گشتی ناگەیەنێت، بەڵکو بریندارکردنی جوانی و ماندووبوونی ئەو دەستانەیە کە بە شەونخونی خزمەتی ئەم شوێنانە دەکەن.
دەشڵێت، داوا لە هەموو هاوڵاتییان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین سەرنج و بۆچوونی خۆیان لەسەر پاراستنی موڵکی گشتی و ڕێگرتن لە هەر هەڵسوکەوتێکی زیانبەخش بخەنەڕوو، بەشداربن لە هەڵمەتی هۆشیاریی پاراستنی موڵکی گشتیی، چونکە دواجار پاراستنی باخ و سەوزاییەکانیش، پاراستنی وێنە و ناسنامەی شارەکەمانە.
ئەوەش دەڵێت، تکایە با بە هەستی بەرپرسیارییەوە دەست بە دەستەوە بدەین بۆ ئەوەی شوێنە گشتییەکانمان هەمیشە جوان، پاک و ئارامبەخش بهێڵینەوە بۆ ئێستا و داهاتووی نەوەکانمان.