دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەی نوێ سەبارەت بە دۆسیەی ‘دزیی سەدە’ ئەنجامدراوە و دەریخستووە کە بڕی ئەو پارەیەی کە دزراوە دوو هێندە زیاترە لەو بڕەی کە پێشتر ڕاگەیەندراوە و گەیشتووەتە نزیکەی 8 تریلیۆن دینار.
تالیب بەیزانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، گەڕاندنەوەی ئەو پارە دزراوە یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی کە بە هاوکاریی لیژنەی دەستپاکیی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامی دەدات، لیژنەکە بەردەوام چاودێریی دۆسییەکە دەکات و لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە تێوەگلاون.
ڕوونیشیکردەوە، بەشێک لەو پارە دزراوانە پێشتر وەرگیراونەتەوە، هەندێکی دیکەشیان لە دەرەوەی وڵات ماونەتەوە و پێویستی بە هەوڵی یاسایی و دیپلۆماسی هەیە بۆ وەرگرتنەوەیان. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارانەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
پێشتر لە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بۆ دۆسیەی “دزینی سەدە” ئاماژە بە دزینی نزیکەی 2 تریلیۆن و 500 ملیار دینار دەکرا. بەڵام بەگوێرەی نوێترین لێکۆڵینەوە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە کۆی ئەو پارەیەی لەو دۆسیەیەدا دیارنەماوە و تاڵانکراوە گەیشتووەتە نزیکەی 8 تریلیۆن دینار.