شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، تا کۆتایی هەفتە ناجێگیری لە کەشوهەوادا بەردەوامدەبێت و لە زۆرێک لە ناوچەکان ئەگەر تاوەباران و هەورەبروسکە هەیە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەریی بارستەهەوای فێنکی دەریای ناوەڕاست و بەردەوامی سیستمی هەوای سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، بە درێژایی ئەم هەفتەیە تا ڕۆژی هەینی، حاڵەتی ناجێگیریی کەش بە لاوازی بەردەوامدەبێت و ڕۆژانە لە کاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک، سنووری ئیدارەی سۆران و ڕاپەرین ئەگەری چڕبوونەوەی هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن دەبێت، ئەم ئەگەرە بۆ سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان کەمترە و زیاتر کەشوهەوا جێگیر دەبێت.
وتیشی، سبەی دووشەممە، پلەی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە، بەڵام بە گشتی لە خوار ئاستی ئاسایی دەمێنێتەوە و بەرزبوونەوەکە زۆر نابێت.