بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور بۆ نیمچەهەور دەبێت، لە کەشدا تۆزێکی سووک دروستدەبێت. کاریگەرییەکەی بەتایبەتی لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و ناوچە دەشتاییەکانی باشووری هەرێمی کوردستان زیاتردەبێت.
هاوکات بڵاویشیکردەوە، سبەی هەینی، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە هەندێک ناوچە هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران دەبارێت.
ڕوونیشیکردەوە، لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی کاریگەریی بارانبارین درێژدەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکان و تاوەباران دەبارێت و هەورەبرووسکە ڕوودەدات.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دروستبوونی خۆڵبارین دەکات لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان.