فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەى گشتیی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەو کارنامەی 14 خاڵییەی کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بڵاویکردووەتەوە، بە هیچ جۆرێک باس لە ماددەی 140 نەکراوە و هیچ ڕووبەرێکی بۆ پرسە دەستوورییەکانی کورد تێدا نییە، ئەمەش بەرئەنجامی ئەوەیە کە کورد یەکڕیز و یەکگرتووە نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمەی کورد یەکگرتوو نین، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە داوا و مافە ڕەواکانمان نادیدەبگیرێت، بۆیە گرنگە هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان درک بەوە بکەن کارنامەکە پلانی حکومەتی عێراقە بۆ چوار ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستا هەنگاوە دروستەکە ئەوەیە پرسەکانی دەستکەوتی گەلەکەمان و خاک، یەکمان بخات و هەمووان پەیامێک بۆ بەغداد بنێرین، پشتیوانی لە کابینەی نوێ بکەین، بەڵام بە کەمتر لە ماددەی 140 ڕازی نەبین.