ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەهای دۆلار لە بودجەی 2026دا بە جێگیری دەمێنێتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە وەزارەتی دارایی ئاگادار کردووەتەوە کە بەهای دۆلار بۆ مەبەستی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 بە 1300 دینار جێگیر دەکرێت، ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی کارکردنە بەو نرخە ڕەسمییەی کە لە شوباتی 2023وە جێگیر کراوە و پەیامێکی گرنگی سەقامگیرییە بۆ بازاڕ.
ڕاوێژکارەکەی سودانی جەختی لەوەش کردەوە، بەپێی یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004، دیاریکردنی سیاسەتی نرخ و سیستەمی نەقدی تەنیا لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە و بانکەکە سەربەخۆیی یاسایی هەیە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیدا.