مامۆستا عوسمان کانی کوردەیی، مامۆستای ئایینی بە ناوی بەشێکی هەرە زۆری زانایانی ئایینی کوردستانەوە، داواکارییەکی بۆ زانایانی ئایینی و وتاربێژەکان بڵاوکردەوە.
دەقی داواکارییەکە:
لە سۆنگەی ئەوەی مامۆستایانی ئایینی پێشەواو خەمخۆرو چارەسازیی کێشەکانی خەڵک و وڵاتی خۆیانن و، هەوێنی ئاشتەوایی و تەبایی کۆمەڵگەن، وە ئەرکێکی پیرۆزیان لەسەرە بۆ بڵاوکردنەوەی لێبوردەیی و هێورکردنەوەی بارودۆخەکان و بەهێزکردنی پێکەوەژیان .
هەروەها دڵخۆشکردنی خەڵک و دەرهێنانیان لە تەنگانە یەکێکە لە کردەوە هەرە خۆشەویستەکان لەلای خوا، وەک لە فەرموودەی خۆشەویستدا هاتووە:
(أحبُّ الأعمالِ إلى اللهِ عزَّ وجلَّ سُرُورٌ يدْخِلُهُ على مسلمٍ، أوْ يكْشِفُ عنهُ كُرْبَةً) اخرجه الطبراني.
لەو ڕوانگەوە، بنەماڵەو کەسوکاری ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) کە ماوەیەکی زۆرە بەندکراوەو، لەئێستادا زیاتر لە دوو هەفتەیە لەزیندان مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و دۆخی تەندروستی بەرەو خراپی ڕۆیشتووە داوا دەکەن زانایانی ئاینی بەڕێز هاوکارو پشتیوانی ئازادکردنی کوڕەکەیان بن.
بۆیە ئێمەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی بنەماڵەی ناوبراو کە هانایان بۆ ئێوەی بەڕێز هێناوە، داوا لەبەڕێزتان دەکەین لە وتاری هەینی داوای ئازادکردن و لێبوردنی بۆ بکەن و داوا لە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم بکەن بە ماڵ و منداڵ و خێزانەکەی ببەخشن و لەو بەرە جەژنەدا دڵی ئەوان و ئێمەش خۆش بکەن.
هەروەها داوا لەنوێژخوێنان بکەن ئەو پەیامە بدەن بەگوێی بەرپرسانی هەرێم و داوای لێبوردنی گشتی بکەن بۆ هەموو بەندیەکان بەتایبەت ئەو برا بەڕێزە (شێروان شێروانی) و هاوشێوەکانی.