بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەناو بازاڕی شارەکە کارەبای چەند شوێنێک بڕدرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، تیمەكانی لیژنەی دەستتێوەردانی یەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی/ ڕۆژهەڵات، لە ناو بازاڕی سلێمانی لە شەقامی مەولەوی بۆ جاری دووەم سەردانی بینای بازرگانیی سیروانی نوێیان کرد.
ڕاشیگەیاند، دوای پشکنین و بەدواداچوون، چەند کارێکی زیادەڕەویی سەر تۆڕەكانی كارەبا دۆزرایەوە و کارەباکەیان بڕدرا و پسووڵەی سەرپێچییان بۆ کرا.
ئاماژەی بەوەشدا، هاوكات چەند شوێنکارێکی دیكەش كە پێوەرەکانیان کێشەیان هەبوو، ڕێنمایی کران تا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی ڕۆژهەڵات بکەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی پێوەرەكانیان.