کەشناسی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ باران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان بە گشتی لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو کاتەکانی دواینیوەڕۆ نیمچەهەورە، لە دواینیوەڕۆ لە ناوچە بەرزەکان، ناوچە شاخاوییەکان، سەنتەری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ و ناوچە جیا جیاکانی ئەو پارێزگایە لە دوای نیوەڕۆ ئاسمانی نیمچەهەور و هەندێک کات هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ چەند تاوەبارانێکی کەم لە هەندێک کاتی دواینیوەڕۆ، پێشبینیی بارانی بەهاری لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ هەیە ئەگەر هەیە گۆڕانکاریەک دروستببێت لە هەندێک ناوچە باران بە شێوەی لێزمەبارانی بەهاری ببارێت.
ئاماژە بەوەش دەکات، سەنتەری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە ناوچەی جیاجیای پارێزگای کەرکوک لە کاتەکانی ئێوارەدا کەمێک باران دەبارێت، پلەی گەرمی بەراورد بە دوێنێ کەمێک بەرزدەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، سبەینێ پێنجشەممە ئاسمان بە گشتی لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە جیاجیاکان نیمچەهەور دەبێت لە هەندێک کات لە ناوچە شاخاوییەکان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری بارانبارین بۆ سبەی زیاتر لەسەر هەندێک ناوچەی شاخاوی هەیە بە گشتی کەشی سبەی تا ئاستێک سەقامگیر دەبێت تەنیا هەندێک لەو قەزا و ناحیانەی دەکەونە ناو زنجیرە شاخەکان و ناوچە بەرزەکان ئەگەری دروستبوون و چڕبوونەوەی هەور و دابارین هەیە لە هەندێک کاتی دواینیوەڕۆ، پلەی گەرمی بەراورد بە پلەکانی ئەمڕۆ، کەمێک بەرزدەبێتەوە.