دژەتیرۆر لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەرزییەکیش لەم هەرێمە دیارنەمێنێت، مەسرور بارزانی لێی بەرپرسە، چونکە بە ناخێری سەرۆکی حکومەتە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
کۆمەڵێک میدیای دەستلەپشتدراوی جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکرات، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک دەیانەوێت دەستە چەورەکەیان بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بسڕن.
دیمەنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازیی بڵاوکراوەتەوە، کە گوایا ئەمانە ئەو چەکانەن لەلایەن ئەمریکاوە نێردراون بۆ ئێران و ئێستا لەلایەن دژەتیرۆرەوە دەستی بەسەرداگیراوە.
تەنیا کەمێک شارەزایی سەربازیی پێویستە، تا بزانرێت ئەو چەکانەی لەپشتی ئەو بارهەڵگرانە دەردەکەوێت، ڕووسین و لە جۆری مووشەکی گرادن، کە ئەمریکی نین، تەنانەت گەر ئەمریکیش بن، شتێکی ئاساییە بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر کە هاوپەیمانێکی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە تیرۆر.
پێویستە ئەوەش بوترێت، نەک چەند بارێکی گەورەی چەک، بەڵکو دەرزییەکیش لەم هەرێمە دیارنەمێنێت، مەسرور لێی بەرپرسە، چونکە بە ناخێری سەرۆکی حکومەتە، ئەم سیناریۆ و درۆ بەتاڵانە کە بووەتە پیشەی ڕۆژانەی مەسرور و چواردەورەکەی، نابێتە هۆی داپۆشینی فەزاحەت و سکانداڵی براکانی کە ئێستا لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت و ملیۆنان دۆلاریان دەستیبەسەرگیراوە بەهۆی فێڵ و تەڵەکەبازی و بەرتیلخۆری بەرامبەر سوپای ئەمریکا، وەک هەمیشە بوونەتە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی کوردەوە.
لە کۆتاییشدا هەمووان ئێمە دەناسن و ئێوەش دەناسن.
لە خۆمان پاراستن، لە ئێوەش درۆ و تەڵەکەبازی و هەڵهاتن
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر CTG