سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، هۆشداری دەدات.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ڕایگەیاند، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە ڕێگرتن لە بردنی کورسی بۆ سەکۆی ئاهەنگەکان لە پارکی هەواری شار و بەکرێدانی کورسی لە شوێنی ئاماژەپێدراودا بە نرخێکی گران بە خوێندکارانی خۆشەویست و کەسوکاری ئازیزیان.
دەشڵێت، بە ڕای گشتی، هاوڵاتییان و خوێندکارانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین، ڕێگریکردن لە بردنە ژوورەوەی کورسی و بەکرێدانی کورسی بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە، ئەو کارە بەبێ ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی پارکی هەواری شار و سەرۆکایەتیی شارەوانییمان کراوە، پاش ئاگادارکردنەوەمان لەو دۆخە دەستبەجێ بەدواداچوونمان کرد و بڕیارماندا سەرپێچیکاران ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
ئاماژە بەوەشدەکات، لێرەشەوە بە هەموو خوێندکارانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین، دەرگای پارکی هەواری شار و هەموو ئەو پارکانەی دیکەمان کە گونجاون بۆ سازدانی ئاهەنگی دەرچوون هەمیشە بەڕووتاندا کراوە دەبێت بەبێ بەرامبەر، تیمەکانمان هۆکارێک دەبن بۆ هاوبەشیکردنی خۆشییەکانتان و هەموو ئاسانکارییەکتان پێشکەشدەکەن، تەنیا داواکارین لێتان خاوێنی پارکەکان ڕابگرن و سەوزایی و درەختەکانی بپارێزن، لە هەبوونی هەر سەرپێچییەک بەرامبەرتان، ئاگادارمان بکەنەوە تاوەکو بە کەمترین ماوە گرفتەکانتان بۆ چارەسەربکەین و ڕێگرییەکانی بەردەمتان لابدەین.