كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی كاركردنیان ڕادەگرن

عەلوەی سەوزە و میوەی سلێمانی

كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی دەڵێن لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە دەرگای عەلوە دادەخەن، نوێنەری كاسبكاران هۆكارەكەی بۆ ئەو “هەڕەشە و ڕفاندنانە دەگەڕێنێتەوە كە لە بازگە نایاساییەكانی” نزیك مەرزەكان ڕوبەڕووی شۆفێری بارهەڵگرەكانیان دەبێتەوە” و قایمقامی پێنجوێنیش دەڵێت، كێشەكە لەنێوان شۆفێرانی مەرزە جیاوازەكاندایە.

لە لافیتەیەكی گەورەدا، كە بە دیواری عەلوەی سەوزە و میوەی سلێمانی-دا هەڵواسراوە، كاسبكاران نوسیویانە، لەبەر نەبوونی ئەمنیەتی بارهەڵگرەكانمان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەك لەڕێگای مەرزەكان لە ڕۆژی هەینی 5ی ئازارەوە دەرگاكانی عەلوە دادەخەن.

عەتا محەمەد، نوێنەری كاسبكارانی عەلوەكە ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لەنزیك هەردوو مەرزی باشماخ و سەیرانبەن “سێ بازگەی نایاسایی” لەلایەن كەسانێكەوە دانراوە بۆ ئەوەی ئەوان وەك كاسبكاران نەتوانن سەوزە و میوە لەو مەرزانەوە بهێنن.

وتیشی، “بازگەكان ڕێ لە شۆفێرەكانمان دەگرن، ئەمڕۆ شۆفێرێكمان ڕفێندراوە و ئۆتۆمبێلەكەشی بەردبارانكراوە، دواتر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە شۆفێرەكەمان ڕزگاركرا”.

عەتا باسی لەوەشكرد، كێشەكەیان گەیاندووەتە بریكاری وەزیری ناوخۆ و قایمقامی سلێمانی و ئاسایش و بەڵێنی ئەوەیان پێداون كە چارەسەری بكەن، بەڵام ئەوان لەبەر ئەوەی سێ ڕۆژە بەردەوام خەڵكیان لێڕفێندراوە، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە كە دەرگای عەلوەیان داخست، چیدی نایكەنەوە.

لای خۆیەوە زانا ڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی ئێستا وت، كێشەكە لەنێوان شۆفێرانی مەرزەكانی سەیران بەن و باشماخ و یەكێك لە مەرزەكانی پارێزگای هەڵەبجەدایە و هەر لایەكیان خۆیان بە ستەملێكراو دادەنێن.

وتیشی، “كێشەكە لە ئەنجومەنی پارێزگایە و چاوەڕوانین ئەنجومەن بێستەسەر خەت و لێكۆڵینەوە بكات، چونكە كۆنووسەكە لای ئەوانەوە دەرچووە، بۆیە چاوەڕوانن لیژنەیەك بێت و پرسەكە یەكلایی بكاتەوە”.

دەربارەی بوونی بازگە و ڕفاندنی شۆفێریش زانا ڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، لە سنووری پێنجوێن هیچ ڕوداوێكی ڕفاندن نەبووە و وەكو بازگەش هیچ بازگەیەك لە سنوورەكەدا دانەنراوە. دوپاتیشیكردەوە، بەپێی یاسا ڕێگەپێدراو نییە هیچ كەسێك بچێتە سەر جادە و بازگە دابنێت، بەڵكو ئەوە كاری دەزگا ئەمنییەكانە.

بابەتی پێشتر

ئۆپیک: بازاڕی نەوت تاڕادەیەک جێگیربووە

بابەتی دواتر

سەرپەرشتیاری تیمی كۆرۆنا لە سلێمانی حاڵەتێكی دەگمەنی نەخۆشێك ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حكومەتی هەرێم پلەی بەشێكی دیكەی كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆی بەرزكردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، پلەی بەشێك لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بەرزكراوەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست…
Total
0
Share