لە مەراسیمێکدا ژوان سابیر وەک سەرۆکی نوێی دەستەی گەشتوگوزار دەستبەکاربوو.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی نیسانی 2026، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، مەراسیمی دەستبەکاربوونی ژوان سابیر ئیسماعیل وەک سەرۆکی نوێی دەستەی گەشتوگوزار (بە وەکالەت) بەڕێوەچوو.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمەل جەلال، سەرۆکی پێشووی دەستە و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەیبوون، وەزیری شارەوانی جەختی لەوە کردەوە کە کەرتی گەشتوگوزار کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.
ساسان عەونی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی بۆ سەرۆکی نوێ، سوپاسی کار و خزمەتەکانی ئەمەل جەلالی کرد لە ماوەی ڕابردوودا.
لای خۆیەوە، ژوان سابیر سوپاسی متمانەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری شارەوانی کرد و ڕایگەیاند کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان، تەواوی هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی ئەم کەرتە و جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکان دەخاتەگەڕ.
هاوکات ئەمەل جەلال پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی نوێی دەستە کرد و ئامادەیی خۆی بۆ هەر هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشاندا بە ئامانجی سەرکەوتنی کارەکانی دەستەی گەشتوگوزار لە قۆناغی داهاتوودا.