قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان ڕایگەیاند، “گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و سەرەتای ساڵێکی پڕ لە ئارامی و کۆتاییهاتن بە هەموو ئازار و ناخۆشییەکانی ڕابردوو.”
ئاماژەی بەوەشدا، بۆنە و جەژنەکان هەمیشە دەرفەتێکی باڵان بۆ پتەوکردنی گیانی تەبایی و قووڵکردنەوەی زیاتری ڕەگەکانی پێکەوەژیان لە نێوانماندا.
قوباد تاڵەبانی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختیکردەوە، کوردستان بە مۆزاییکی دەوڵەمەندی پێکهاتەکانییەوە دەدرەوشێتەوە و خوشک و برا ئێزدییەکانیشمان، وەک یەکێک لە ڕەسەنترین و دێرینترین پێکهاتەکان، بەشێکی دانەبڕاو و شکۆداری ئەم خاکە و مێژووەکەی پێکدەهێنن.