ململانێی نێوان لوبنان و ئیسرائیل مێژوویەکی درێژی هەیە کە لە ساڵی 1948 وە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بە چەندین وێستگەی خوێناویدا تێپەڕیوە.
دیارترینیان داگیرکاریی ساڵی 1982 و جەنگی تەمموزی ساڵی 2006 بوون، لە ئێستاشدا ئەم گرژییانە ڕەهەندێکی هەرێمیی توندتریان وەرگرتووە.
لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەت لە 2024، 2025 و 2026 دا دۆخەکە بەهۆی جەنگی غەزە و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هێزە ناوچەییەکان ئاڵۆزییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار مەدەنی لە هەردوولای سنوورەکە.
جگە لە ڕەهەندە سەربازییەکەی کێشەی سنوورە دەریاییەکان و کێڵگە غازییەکانی دەریای ناوەڕاست یەکێکی ترە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان بەیروت و تەلئەبیب کە چەندین جار هەوڵی نێوەندگیریی نێودەوڵەتیی بۆ دراوە، بەڵام بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربەست دۆخەکە هەمیشە لە لێواری تەقینەوەدایە.
لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت فەڕەنسا و ئەمریکا هەوڵدەدەن ململانێکان لە چوارچێوەی بڕیاری 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایشدا کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوخۆی لوبنان و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی تاوەکو ئێستا وەک کارێکی ئەستەم ماوەتەوە و ناوچەکە بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەی جەنگێکی سەرتاسەریدایە.
وابڕیارە سبەینێ سێشەممە، هەردوو لایەن لە ئەمریکا دانوستان بکەن، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئاسۆی ململانێ و ناکۆکییەکانیان بەکوێ دەگات؟