د. سیدۆ مۆرگان: کەناڵە مۆرەکە لەکاتی لافاوەکەی چەمچەماڵ خەڵکەکەی ناچاردەکرد بگرین

د. سیدۆ مۆرگان، پزیشکی دەروونی نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە کەناڵە مۆرەکەی پارتی دەستی لەکار کێشاوەتەوە و چەندین نهێنیی نەبیستراو و شۆکهێنەر ئاشکرادەکات.

دەقی نووسینەکەی د. سیدۆ مۆرگان:

سەبارەت بە کارکردنم لە ئـ.ـاڤـ.ـا

بابەت: دەست لەكاركێشانەوە

پاش ڕێز و سڵاو

سەرەتا دەمەوێت سوپاسى ئەو شەست و هەشت كەسە بكەم كارمەندى ئـ.ـاڤـ.ـان و ئەمڕۆ لە ڕێگەى نامە و دەنگەكانيانەوە نيگەرانیی خۆيان لە دەستلەكاركشانەوەى من بۆ دەربڕيوم. ئەمە بۆ من جێگەى سوپاس و پێزانينە. ڕێزم بۆ هەموو ئەو كەسانەش هەيە كە هەوڵياندا ئەم دەست لەكاركێشانەوەيەى من لە بێدەنگيدا بمێنێتەوە بە نيەتێكى باش بێت يان نا، ويستيان من هيچ نەڵێم.

داوای لێبوردن لەوانە دەکەم.

لە مێژووى كاركردنم لە ماوەى بيست ساڵى ڕابردوو، ئەمە يەكەمجارە من دەستلەكاركێشانەوەم خۆم بە ئاشكرا بەمجۆرە پێشكەشى دەزگايەک دەكەم. بەڵام من باوەڕم وايە ئەمە بابەتێكە هەتا زياتر تێكنەدراوە، خۆم بە ڕاستى و دروستى شتەكان بەيان بكەم. چونكە متمانەيەكى پێويستم نيیە بە گێڕانەوەى دەم بەدەمى وردەكارييەكان لە پاش خۆم لەو دامەزراوەيە و لاى هاوڕێ و ناسراوەكانم لە ناوەوە و دەرەوەى كوردستان و لە هەموو پلاتفۆرمەكان.

لە مانگى شەشى ساڵى 2024 من بە ڕەسمی لە دامەزراوەى ئـ.ـاڤـ.ـاوە بانگهێشتى ڕەسمیم پێگەيشت كە بڕياريانداوە لەبەر ئەوەى كەناڵێكى خێزانييان داناوە، حەزدەكەن من وەک پسپۆڕێكى دەروونى بەرنامەيەكى دەروونى پێشكەش بكەم و بە لايەنى كەمەوە هەر وەرزرێك بەرنامەيەك ئامادە بكەم. ئەمە بۆ من جێگاى پێزانين بوو كە لەناو ميديايەكى كورديدا بەم گرنگييەوە لەم بابەتە دەڕواندرێت و منى بۆ ئەم كارە دەستنيشان كردووە، بە هەموو تێبينييەكانمەوە لەبەر ئەوەى باوەڕم وايە نوێگەرى و ريفۆرم لەناو ئەم كۆمەڵگا لەناو خودى دامەزراوەيەكى سيستيماتك و رێكخراودا باشتر ئەنجام دەدرێت، چى باشتر لە كەناڵێك كە لەوانەيە بچێتە ماڵى بەشێكى زۆرى تاكەكانى كۆمەڵگاى كوردى! ئەمە هيواى پێدام بۆ ئەوەى لەوانەيە بتوانين مەعريفەيەكى دەروونى و زانستى نوێ بەم خەڵكە و بەم كۆمەڵگا بريندارە ببەخشين بە تايبەتى لە بوارەكەى خۆمدا. ئەمە ئەو بابەتە بوو لەسەرى رێككەوتين بەڵام ئەو ئامانجە لە بيركرا و كەمكەم دەركەوت ئەوەى گرنگە رێژەى بينينە و هيچى تر ئيتر بە هەر بەها و نرخێك بێت، لێرەدا جيهانبينييەكانمان بەر يەكترى كەوتن.

پێش گەڕانەوەم بە وردى كە هەموو شتێك دۆكيومێنت كراوە لاى من، كۆمەڵێك مەرجم هەبوون و ئەوان بە مەرجەكان رازى بوون. گرنگترينييان ئەوە بوو كە وتم ئەركى من تەنيا ئامادە كردن و پێشكەشكردنى بەرنامەيەكى دەروونييە نەك كارمەندێكى ئاسايى كە رۆژانە لەناو دامەزراوەكەدا بێت. مەرجەكان هەموى قبوڵكران و وتيان ستۆديۆمان بۆ ئامادە كردويت و بە زوترين كات بگەڕێوە (بە ئێستاشەوە ستۆديۆكە تەواو نەبووە) كاتى تۆمار كردن لەوێ بەرنامەكەت تۆمار بكە.

پاش گەڕانەوەم، وردتر بۆم ڕوون بوويەوە ئەم دامەزراوەيە خاوەنى ئيدارەيەكى لاواز و چەقگەرايە و تەنيا سەرۆكى دەزگاكە بڕيار لە كۆى شتەكان دەدات، ئەويش بە نادروستى و لەسەر بنەمايەكى زۆر ميزاجى خاڵى لە ئەتەكييەت و زمان و پاراوى لە گوفتار و ڕەفتاردا من راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵمدا وەك هاو تەمەنێكى خۆم ڕاستى بكەمەوە بەڵام سودى نەبوو. كەسانى زۆر نا پسپۆڕ ديارى دەكات كە خۆيان لە وردەكارى بەرنامەكان هەڵقورتێنن. كەسانێك كە هيچ پسپۆڕييەكيان نيە و دەسەڵاتێكى وەهايان پێدراوە كە پێيان وابێت دەتوانن هەموو شت بزانن و هەموو شت بكەن. بەڵام مرۆڤ گەلێكى بێ ئاست و بێ مەعريفەن و لە هەر دامەزراوەيەكى تردا بوون ئەدايان لاواز بووە و لە ئاڤادا كۆكراونەتەوە و دەسەڵاتييان پێدراوە، ئەمە تا سنورێك بەشێكيان نە لە نيشتيمان تێدەگەن نەك لە خەبات نە لە كوردايەتى وە نە لە كوردستانيبوون. وە ئەمە بۆم جێى پرسيار بوو كە بۆ چى ئەمانە لێرە كۆ دەبنەوە وە ئەمە ئازارى دەدام. بە تايبەتى لەم خاڵەدا كە ئيخوانيبوون لەوێ زاڵترە لە كوردستانيبوون!

بە فشارێكى زۆر و بە هەوڵێكى زۆر هەرچۆنێك بێت بەرنامەى گەشتى چارەسەرمان دروستكرد كە دەستپێك هەتا كۆتاييەكەى دژايەتى دەكراين. وردە وردە روئيايەك دروست بوو كە ئەم كەناڵە ئەسڵەن نەك نايەوێت خێزانى بێت، بگرە هەڵەى زۆر ستراتيژى ئەنجام دەدات، بە تايبەتى من كەسێك بووم زۆربەى كارمەندەكان رێزيان دەگرتم و خۆشيان دەويستم و خۆيان بۆم دەكردەوە، بەم پێيە ئاگادارى زۆربەى هەڵە ستراتيژييە قوڵەكان بووم لەو ديو پەردەكانەوە، بە تايبەتى لە كاتى روداوە ناخۆشەكاندا، ناچار كردنى خەڵكى بە گريان لەبەردەم كامێرا، زەق كردنەوەى شتانێكى نابەجێ و ڕوكەش لە بابەتەكاندا، كاركردن لەسەر كۆنترۆڵكردنى دەروونى كارمەندەكان، سوكايەتى و ئيهانە و بڵاوكردنەوەى ترس و خۆبەگەورەزانى سەرۆكى دەزگا و راوێژكارەكەى، جنێودان و ئيهانەكردنى كارمەند لەبەردەم هاورێكانى لە لايەن سەرۆكى دامەزراوەكەوە (كە ئەمە جێى نيگەرانى قوڵە، هەرچەند كەسايەتى من بەوجۆرە بووە هيچكات رێى بە خۆى نەداوە لەبەردەم مندا بەو جۆرە مامەڵە بكات بەڵام چەند كەس دەتوانێت وەك من بێت!) ئەمە بەدەر لە هەڵەى زەقى دەروونى زۆر هەر لە زمانى بەشێك لە پێشكەشكارەكان بۆ شێوازى ريپۆرت كردنى بەشێك لە ڕوداوەكان. ئەمە واى كرد بەردەوام من وەك پسپۆڕێكى دەروونى تێبينى خۆم لە رێگاى پەيوەندييەكانمەوە بە لێپرسراوەكان بدەم، بەڵام هيچ كەسێك لەو دەزگايە گوێى لێناگيرێت و هەموو شتێك بە ميزاجى شەخسى سەرۆكى دامەزراوەكە دەچێتە پێشەوە كە فەلسەفەى ئەو دامەزراوەيە بوو بە ئيشكردن لەسەر بنەماى ترس، بێمنەتى، ئيهانەكردن، تەكەتولات و ماستاوكردن و خۆ بچوككردنەوە و زۆر شتى تر كە ئيشى من نيە لێرەدا بيانڵێم.

ئامانجى من خزمەتكردنى خەڵكى بوو لە رێگاى پرۆگرامێكى دەروونى ئاست بەرزەوە، كە دەست بخرێتە سەر برينەكان، ئێمە هەمومان دەمانەوێت ئەم وڵاتە پێشبكەوێت و ئەم گەلە بريندارە زياتر لەبارەى بوون و ئازار و نەهامەتى خۆيەوە مەعريفەى هەبێت، بەڵام كەمكەم ئەم دامەزراوەيە بەرەو رۆكەشگەڕاييەكى پەتى رۆيشت كە تەنانەت گرفتى قوڵيان بۆ بەرنامە و پرۆژەكانى من دروستدەكرد هەتا ئەو سنورەى كە ڕاستەوخۆ دەستيان كرد بەوەى كە ئەم كۆمەڵگا پێويستى بە بەرنامەى دەروونى نيیە! كە ئەمە شۆكى كردم.

بەم دواييانەش لە كاتى روماڵى رۆداوەكانى كوردستان، تەنانەت داوام كرد كە پێويستە زۆر چڕتر لەسەر هێوركردنەوەى دەروونى خەڵكى ئيش بكەين، بەڵام نەك بەوە ڕازى نەبوون بگرە سياسەتى سەرۆكى دامەزراوەكە لەپێناو ڤيو زياتر ئيشى لەسەر ترساندنى گەلى كورد دەكرد، هەواڵى نابەجێ و شۆكهێنەر و ترسێنەر لە نيوە شەوان، نەبوونى پلان بۆ ئارامكردنەوەى دەروونى خەڵكى، وە بڵاوكردنەوەى دەنگى درۆن و موشەكەكان بە شێوەيەكى زۆر ناپرۆفيشناڵ و نادروست، قسەكردن لەگەڵ منداڵ لە كاتى شەهيدبوونى دايك و باوكيان، ناچاركردنى خەڵكى لە پشت كامێراوە بۆ كروزانەوەى زياتر و گريان لەكاتى لافاوەكەى چەمچەماڵ و زۆر شتى تر كە هەمويم پێدەگەيشتەوە و داوام لێدەكرا من سەرنجم هەبێت و تێبينييەكانم بگەيەنم بە سەرەوە، چونكە دەيانزانى من كەسايەتييەكى بەهێزم هەيە و منم كە دەتوانم قسە بكەم و دەنگ هەڵبڕم، هەموو ئەمانە ئەنجامدران و بێ سود بوون.

لەبەر ئەوە من داوا لە هەموو ئەو لايەن و كەسانە دەكەم ئەم دامەزراوەيەيان دامەزراندووە، ئەم كەناڵە خاوەنى ستافى تەكنيكى زۆر دڵسۆزە، كەسانێك كە كوڕ و كچى ئەم وڵاتەن، زۆربەيان زيرەك و لێهاتوون، بەلام لە دەستێكى ئەميندا نين و بە ئاڕاستەيەكى هەڵەدا دەبرێن. ئێمە هاتين ئاشتى لەم وڵاتە بڵاو بكەينەوە، پەرە بە كوردبوون بدەين، كەسايەتى تاكى كورد بەهێزتر بكەين. ئينتيما زياتر بكەين، روئياكان فراوانتر بكەين، بەڵام هەموو شتێك خەريكە پێچەوانە دەبێتەوە. هەتا ئەم دامەزراوەيەك نوقم نەبووە رزگارى بكەن و بيخەنە سەر رێگايەكى دروست.

تێبينى: گرێبەستى من مانگى حەوت ى ئەمساڵ كۆتايى پێدێت لەگەڵ ئـ.ـاڤـ.ـا بەڵام لەمرۆوە ئەمە وەك دەستلەكێشانەوەى فەرمى سەير بكەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share