چۆن هێزی کۆماندۆی ئەمریکا فڕۆکەوانی دووەمی فڕۆکە  F-15ەکەی لەناو خاکی ئێران ڕزگارکرد؟

هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانیان لە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئەرکەکانی بەهاناوەچوون لە مێژووی ئۆپراسیۆنە تایبەت و نهێنییەکانی ئەمریکا، لەناو خاکی ئێران ئەنجامبدەن، ئەمەش پاش ئەوەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، فڕۆکەیەکی F-15 کە بەهاکەی 31 ملیۆن دۆلار بوو، لەناو خاکی ئێران، بە دیاریکراوی لە ناوچەیەکی پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران کەوتەخوارەوە.

ئەرک و پڕۆسەی ڕزگارکردنەکە ڕووبەڕووی بەرگریی و بەرلێگرتنێکی زۆر بوویەوە لەلایەن ئێرانەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە چەندین فڕۆکەی ئەمریکیان خستووەتە خوارەوە.

پاش بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەرکەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد ئەمە یەکەم ئەرکی بەهاناوەچوون بووە لە مێژووی ئەمریکا کە دوو فڕۆکەوان بە جیاجیا و لەناو خاکی وڵاتێکی دیکەدا ڕزگاربکرێن.

ڕووداوەکە چۆن ڕوویدا؟

ڕۆژی هەینی، فڕۆکەیەکی F-15 کە توانایی ئەوەی هەیە لە هەموو کەشێکدا بفڕێت و بۆ هەردوو ئەرکی هێرشی زەمینی و ئاسمانی دیزاین کراوە، بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، لەلایەن سوپای ئێرانەوە خرایە خوارەوە.

فڕۆکەکە دوو فڕۆکەوانی تێدا بووە، فڕۆکەوانی لێخوڕ و فڕۆکەوانێکی ئەفسەری کۆنتڕۆڵکردنی چەکەکان، کە ئەرکی سەرەکیی ئەوەیە ئامانجەکان دیاریبکات و چەکی گونجاو هەڵبژێرێت و بەئامانجیانبگرێت.

تاوەکو ئێستا ناڕوونە کە ئێران بە چی چەکێک فڕۆکە ئەمریکییەکەی خستووەتە خوارەوە، ئەمریکاش ڕوونی نەکردووەتەوە فڕۆکەکەیان چۆن کەوتووەتە خوارەوە.

قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای ئێران ئاشکرایکرد، لە ڕێگەی سیستمێکی نوێی ئاسمانییەوە فڕۆکەکەیان خستووەتە خوارەوە، کە جیا لەو فڕۆکەیە، سێ درۆن و دوو مووشەکی بالیستیشیان خستووەتە خوارەوە.

ئەرکی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان چۆن ئەنجامدرا؟

ئەمریکا و ئێران لە پێشبڕکێدابوون بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانی دووەمی فڕۆکەکە، کە لە باشووری ئێران فڕۆکەکەیان تێکشکابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی CBSی ئەمریکی، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان پاش ڕزگاربوون و دەرچوونی لە فڕۆکەکە، ڕۆژی هەینی لەلایەن دوو هێلیکۆپتەری سەربازییەوە ڕزگارکراوە، هەرچەندە لە کاتی ڕزگارکردنی، ڕووبەڕووی پێکدادان بوونەتەوە لەناو خاکی ئێران و یەکێک لە ئەندامانی هێلیکۆپتەرەکە بریندار دەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بووە دەربازیان بووە.

هەر بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، ئەفسەری چەکەکانی فڕۆکەکە لە شوێنێکی ناو خاکی ئێران تەوق درابوو و تەنیا بە چەکێکی ئاسایی پێبووە تاوەکو بەرگریی لە خۆی بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشوەخت ئەمریکا لە ڕێگەی هێلیکۆپتەری سیسکۆرسکی H60 و فڕۆکەی C-130ەوە بە نزمی و بە وردی لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە بەسەر ئەو ناوچەیەی ئێراندا فڕیون تاوەکو لە ئەگەری بەدیکرانی و دۆزینەوەی ئەفسەری چەکی فڕۆکەکە، دەرباز بکرێت.

هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی ئەرکی ڕزگارکردنەکەدا بۆمبیان بەکارهێناوە، تاوەکو هێزەکانی ئێران لەو ناوچەیە دووربخەنەوە کە پێیان وابوو فڕۆکەوانی دووەمی لێیە و خۆی حەشارداوە.

لە هەمان کاتدا، درۆنەکانی MQ-9 لە مەودای سێ کیلۆمەتر دووری لە شوێنی ئەرکەکە، هێرشیان کردووەتە سەر نێرێک کە چەکی پێبووبێت و بەو شێوەیە پارێزگاریان لە هێزە تایبەتەکەی ئەمریکا کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەرکەکە بە پێگەی ئەکسیۆس، هێزی تایبەتیی کۆماندۆی ئەمریکا، توانیویانە بە بەشداریی چەندین ئەندامی تایبەت ئەفسەری فڕۆکەکە دەرباز بکەن. ئەندامێکی ئیدارەکەی ترەمپ بە NBCی ڕاگەیاندووە کە ئەرکەکە بەبێ پاڵپشتیی هەواڵگریی CIA سەرکەوتوو نەدەبوو، ئەوان توانیان بە سەرکەوتوویی شوێنی ئەفسەرەکە دیاریی بکەن.

باسی لەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا CIA پشتی بە تەکنیکێکی زیرەکانە بەستووە، ئەویش بریتیبووە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاست، بەوەی ئەمریکا خۆی هەوڵی کوشتنی فڕۆکەوانی دووەم دەدات، یان دۆزراوەتەوە و دەربازکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share