وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچە و داهاتی نانەوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی بەغداد دەکات.
ئەندامانی وەفدەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە (ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خالید هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و کەمال ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ)؛ لەگەڵ ئەمانیشدا، چەند ڕاوێژکارێکی دارایی و ژمێریاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، لە کۆبوونەوەکاندا بەشداردەبن.
بڕیارە وەفدەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بگاتە بەغداد و ڕۆژی دووشەممە، دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن و لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کۆدەبنەوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداد، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکان، پرسی مووچەی مانگی ئازار و یەکلاکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانە؛ هاوکات بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکان، تایبەت دەبێت بە پرسی گومرگ و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی گومرگی عێراق کۆدەبێتەوە و لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی “ئەسیکۆدا”، گفتوگۆ دەکەن.