ڕێکارەکانی خوێندنی ئۆنڵاین بڵاوکرانەوە

پەروەردەی سلێمانی لە نووسراوێکدا، ڕێکارەکانی خوێندنی دیجیتاڵی و ئۆنڵاینی بڵاوکردەوە.

لە نووسراوەکەدا، کە واژووی نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیی لەسەرە، چەند ڕێکارێک بۆ بەڕێوەچوونی خوێندنی ئۆنڵاین، خراوەتەڕوو، لەوانەش:

– سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لە ڕۆژانی سێشەممەدا سەردانی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن بە مەبەستی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ کارەکان.

– دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن پابەند دەکرێن بە دەوامکردن لە ڕۆژانی سێشەممەدا، ئەمەش لەپێناو ڕاییکردنی ئەرکە کارگێڕی و فێرکارییەکان.

– تۆمارکردنی وانەکان لە تەلەڤیزیۆنی پەروەردەیی بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە.

– بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ئەرکی چاودێریکردنی ڕاستەوخۆی کارەکانی مامۆستایانیان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەمەش لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “ئی-وانە” یان ئەو گرووپانەی کە لەلایەن مامۆستایانەوە دروستکراون.

– پێویستە ناوەندە پیشەییەکان، ڤیدیۆی فێرکاری تۆماربکەن و لە ڕێگەی گرووپەکانی (وەتسئەپ، تێلێگرام و ڤایبەر)ـەوە بۆ سوودی مامۆستایان و خوێندکاران بڵاوی بکەنەوە.

– مامۆستایان دەبێت بەشێوەی هەفتانە، بەڕێوەبەری خوێندنگەکان لە ئەنجام و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی خوێندن و فیدباکی خوێندکاران، ئاگاداربکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share