ماوەیەکە دەوترێت جیاوازی دەکرێت لەنێوان بەهای چاپی کۆن و نوێی دۆلار بەرامبەر بە دینار.
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ماوەیەک لەمەوبەر، سەردانی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیان کردووە و ئەم بابەتەیان لەگەڵدا تاوتوێکردووە.
وتیشی، 10 ڕۆژ دوای داواکەمان، بانکی ناوەندی گشاندنی کرد بۆ سەرجەم بانکە ڕێپێدراوەکان و دامەزراوە داراییەکانی تر کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، شتێک نییە بە ناوى چاپی کۆن و نوێ، یان دەبێت سەرجەم چاپەکانی دۆلار بگۆڕدرێن بە هەمان نرخ، یان ناگۆڕدرێت.
سەرەڕای ئەوەی لە نووسراوەکەی بانکی ناوەندیدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە هەر بانک و نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو، بەردەوامبێت لە جیاوازی کردن لە نێوان ئەو دوو چاپەی دۆلار، ڕێکاری یاسای توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر؛ بەڵام د. بڕیار ڕەشید دەڵێت، هێشتا ئەو جیاوازییە دەکرێت، بۆیە لەسەر ئەم مەلەفە بەردەوامدەبین و هەوڵی چارەسەری ڕیشەيى دەدەین.