شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە کاریگەریی بەرزەپەستانی سیبیریا لەسەر ناوچەکانمان دەکشێتەوە و پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ئاشكرایکرد، لە ئەمڕۆوە کاریگەریی بەرزەپەستانی سیبیریا لەسەر ناوچەکانمان دەکشێتەوە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بووەتە هۆی هاتنی وشکەسەرما و چالاکبوونی بەهێزی بای باکووری ڕۆژهەڵات، بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، بەگشتی، کاریگەریەکانی ئەو بەرزەپەستانە دەکشێتەوە، خێرای با کەمدەبێتەوە و پلەی گەرمیش بەرزدەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەی پێنجشەممە، کاریگەریی سەرەتایی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەردەکەوێت و ئاسمانی ناوچەکە بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور، لە هەندێک کات و شوێنیشدا ئەگەری ڕوودانی هەورەبروسکە و نمەباران دەبێت کە سەرەتا بە ناجێگیریەکی لاواز دروستدەبێت.
وتیشی، تا رۆژی شەممە، کاریگەریەکانی شەپۆلەکە بە لاوازی بەردەوامدەبێت، تا گەیشتنی حاڵەتی سەرەکیی لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، کە دەکاتە 15 و 16ی مانگ، کە لەو دوو ڕۆژەدا کاریگەریەکانی ئەو ناجێگیرییە پەرەدەستێنێت و هەورەبروسکەی توند، لێزمەباران و تەرزە سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە.