بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی: خەیاڵتان خاوە، سلێمانی بە پەیامە ژەهراوییەكان نەترساوە و ناشترسێت

بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، كاتێک هەموو شتێک بە سیاسی بكرێت، سیاسەتكردنیش بە ڕق و كینە و پەیامی ڕق و كینەش لە ڕێگەی كەسانی دەمشڕ و قەڵەمفرۆش ئاڕاستە بكرێت، ئەوكاتە بەدڵنیاییەوە كەشوهەواش بە سیاسی دەكرێت.

باسی لەوەکردووە، لە گەشتی کاتژمێر 7ی شەوی 9 لەسەر 10ی ئەم مانگە كەناڵێک لە هەولێر وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان بەناوی كەشوهەواوە، ڕمە ژەهراوییەكەی ئاڕاستەی شاری سلێمانی كرد و رایگەیاند كە خەڵكی سلێمانی فریای خۆتان بكەون ژیانتان لە مەترسیدایە، ژەهرەكەی ئێستای شارەكەتان بەهۆی شەڕی ئـ.ـێران و ئەمریكا و ئیسرائیلەوە لە كیمیابارانی هەڵەبجە مەترسیدارترە، نكۆڵی لەوە ناكرێت كە بۆردومانەكان زیانی هەیە و ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتییانیش كارێكی باشە، بەڵام بۆچی تەنیا شاری سلێمانی لە مەترسیدا بێت!

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر پاشماوەی بۆردومانەكان زیانی بۆ ژینگە و بۆ سەر ژیانی مرۆڤ هەبێت، ئەوا ژیانی 90 ملیۆن هاوڵاتی لە ئێران لە پێش هاوڵاتییانی سلێمانی لە مەترسیدایە، چونكە شارەكانی ئەو وڵاتە ڕۆژانە لە ژێر بۆردومانی دژواردان، پاشان مەترسی بۆ سەر هاوڵاتییانی دەوروبەری ئێران دەبێت و لەوانە توركمانستان، ئازەربایجان، توركیا، عێراق، ئەرمینیا، ئەفغانستان، پاكستان، كوەیت، بەحرەین، ئوردن، سعودییە، قەتەر، عومان، هەروەها ئیسرائیل هەیە، كە ژمارەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانە سەدان ملیۆن كەسە، خێرە ئێوە تەنیا زەنگی مەترسی بۆ شاری سلێمانی لێدەدەن و دەڵێن فریای خۆتان بكەون، بۆچی ژەهری شەڕ و  بۆردومانكردنی 13 وڵات تەنها ڕووبكاتە سلێمانی؟!

دەشڵێت، وەلێ ئەگەر خەمی ئێوە تەنیا خەمی خەڵكی كوردستانە، ئەوا شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕۆژانە بە چڕی بۆردوماندەكرێن، بۆچی مەترسی بۆ ئەوان نابێت و تەنها مەترسی لەسەر شاری سلێمانی دەبێت؟! خۆ ئەگەر مەبەستتان تەنها بۆردومانكردنی هەرێمی كوردستانە، ئەوا مەترسییەكە زیاتر لەسەر شاری هەولێری پایتەخت هەیە، چونكە لە 80%ی بۆردومانەكانی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەتایبەت شاری هەولێری خۆشەویست بووە.

لە کۆتایشدا ئەوە هاتووە، خۆ ئەگەر ئەمە تەنیا سیناریۆیەكە بۆ ترساندنی خەڵكی سلێمانی، ئەوا خەیاڵتان خاوە و سلێمانی بە پەیامە ژەهراوییەكان نەترساوە و ناشترسێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share