بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێوڕەسمی یادی مەولود بەڕێوەناچێت

یادی مەولود لە قەڵای هەولێر – ئەرشیف

یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وێرای پیرۆزباییکردن لە موسڵمانان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام ڕایدەگەیەنێت، کە بەھۆی ڕێکارە تەندروستییەکانەوە ڕێوڕەسمی ئەم یادە بەڕێوەناچێت و دەڵێت، “ئیدانەی هەر سوکایەتییکردنێک دەکەیەن کە بۆسەر ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەنجام بدرێت”.

لە ڕاگەیاندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان كە ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەكەم بڵاوكراوەتەوە هاتووە، “لەگەڵ ھاتنەوەی مانگی مەولود دا، لەناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی گەرممان ئاڕاستەی سەرجەم موسڵمانان بەگشتی ‌و کوردستانیان بە تایبەتی دەکەین، ھەزاران درود و سڵاویش بۆ گیانی پاکی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەنێرین کە بووە مایەی ڕەحمەت بۆ ھەموو دونیا و مرۆڤایەتیی بەگشتی”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەم یادە بۆ جیھان ‌و بەتایبەت گەلی کورد، پێگە و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، ساڵانە لەگەڵ ھاتنەوەی ئەم مانگە خەڵک بەجۆش و خرۆشەوە، بەخێر و ئاھەنگ ‌و خوێندنەوەی مەولود و سەڵا‌وات، پێشوازی یادی مەولودی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەکەن کە ئەمە بەڵگەی وەفاداری ‌و پابەندی و سۆزی پڕ لە خۆشەویستی خەڵکی کوردی موسڵمانە بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت)”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە ڕێکارە تەندروستییەکان کراوە بۆ ئەنجامنەدانی ڕێوڕەسمی تایبەت بەم یادە و تیاییدا ھاتووە، “بەداخەوە ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناتوانرێت بەشێوەی ڕێوڕەسم وەک ساڵانی ڕابردوو ئەم یادە بکرێتەوە، بەڵام دڵنیاین ئەم یادکردنە گەورەیی ‌و خۆشەویستی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەناو دڵی موسڵمانان بەرزتر و گەورەتر دەکات”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی ئیدانەی ھەر جۆرە سووکایەتییکردنێک بە ئاینی ئیسلام کراوە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، “ھەموو جۆرە سووکایەتی ‌و کردارێکی بێ ڕێزی بەرامبەر سەرجەم پێغەمبەران (درودی خوایان لەسەر بێت) بەگشتی و پێغەمبەری خۆشەویستمان بە تایبەتی رەتدەکەینەوە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین، پێمان وایە ئەو جۆرە ھەنگاوانە پێچەوانەی بەھا ئایینی ‌و ئەخلاقی ‌و کۆمەڵایەتی ‌و یاسا نێوەدەوڵەتییەکانە و لە خزمەتی پرۆسەی ئاشتیی جیھانی ‌و سەقامگیریی گەلان و پێکەوەژیان نییە و کاردانەوەی خراپ ‌و توندڕەوی جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا دێنێت”.

لە کۆتاییشدا ئەوەخراوەتەڕوو “لەگەڵ ئەو یادە پیرۆزەدا لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵبدەینەوە و وەک ئەرکێکی ئیسلامی و ئینسانی بایەخی زیاتر و ھەنگاوی باشتر بەرەو نزیکبوونەوە لە جێبەجێکردنی فەرمایشتەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بدەین و ئاکار و ڕەوشتە بەرزەکانی لە ھەڵسوکەوتی خۆمان بەرجەستە بکەین، گرنگە زانستییانە و زیاتر پەیامەکانی ئەو زاتە بۆ خەڵک شیبکەینەوە و لێبوردەیی ‌و مەرحەمەت ‌و بەخشندەیی ئیسلام ‌و پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) پیشان بدەین”.

بابەتی پێشتر

کێ ئابوورى جیهان ڕزگار دەکات؟

بابەتی دواتر

وتەبێژی کازمی: ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە بەشی دابەشکردنی موچە ناکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

20 هەلی دامەزراندن راگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی 20 هەلی دامەزراندن بۆ فەرمانگەی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی پێنجوێن…
زیاتر ببینە

سزادراوێک لە هەولێر گیانیلەدەستدا

سزادراوێکی چاکسازیی گەورانی هەولێر بە ناوی ئەسعەد ئەحمەد شێروانی گیانیلەدەستدا، کەسوکارەکەی دەڵێن، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە گیانیلەدەستداوە. کەسوکاری ئەو سزادراوە…
Total
0
Share