کارەبای سلێمانی، ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر گەیشتووەتە زیاتر لە 84 مێگاوات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەكانی بەشی وزە نوێبووەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتییمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هاوڵاتییان ڕوو لە دانانی سیستمی كارەبای وزەی خۆر دەكەن و كۆی گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو وزەیە گەیشتووەتە زیاتر لە (84) مێگاوات كارەبا.
دەشڵێت، تاوەکو بەرواری 8/3/2026 ژمارەی ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە سیستمەكەیان داناوە و لە بەشی وزە نوێبووەكان تۆماركراون، گەیشتوونەتە (3110) هاوبەش و بڕی بەرههمهێنانی كارەبایان گەیشتووەتە (84) مێگاوات.
ئەوەش دەڵێت، لەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلاریان داناوە (2562)یان هاوبهشی ماڵانن، (443)یان هاوبەشی بازرگانی و (15) هاوبەشی پیشەسازی و (85) هاوبەشی كشتوكاڵی و (5) یان هاوبهشی میریین.