وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵانەی باسی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەن وەک بەشێک لە پلیانی پڕچەککردنی حزبە کوردییەکان و ناردنیان بۆ خاکی ئێران دوورن لە راستییەوە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باسی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەن کە گوایە ئێمە بەشێکین لە پیلانێک بۆ پڕچەککردن و ناردنی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناو خاکی ئێران، بەتەواوی ناڕاستن و رەتیاندەکەینەوە و بەمەبەست بڵاودەکرێنەوە.
وتیشی، لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.
روونیشیکردەوە، بەپێچەوانەوە ئێمە داوای ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەین و هێرشە ترسنۆکانەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تەواوی شەرمەزار دەکەین، هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان رابگرن و خاک و خەڵکەکەمان و ناوچەکە بپارێزن.