ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا، وردەکاریی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران خستەڕوو.
ئەدمیراڵ براد کووپەر رایگەیاند، هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 100 کاتژمێری رابردوودا، گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازییان لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا ئەنجامداوە
وتیشی، “زیاتر لە 50 هەزار سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی و دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەشدارن لەم ئۆپەراسیۆنەدا”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە ماوەی کەمتر لە 100 کاتژمێردا، زیاتر لە دوو هەزار ئامانجمان بە بەکارهێنانی زیاتر لە دوو هەزار مووشەک پێکاوە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەکارخراوە، سەدان مووشەکی بالیستی، سەکۆی هاویشتن و درۆنی ئێران لەناوبراون، هەروەها 17 کەشتیی ئێرانی تێکشکێنراون”.