بڕیارە کەمێکی دیکە، پەیامێکی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، لە ساڵیادی ئەو بانگەوازەی 27ـی شوباتی ساڵی رابردوو، عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان، بڵاویکردەوە، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بە سەرپەرشتیی تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی پارتی دەم، چالاکییەک بەڕێوەدەچێت و پەیامی نوێی ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، پەیامەکە نووسراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت ناوەڕۆکەکەی چییە؛ بە وتەی ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی دەم، چاوەڕوان دەکرێت باس لە هەنگاوەکانی ساڵی رابردووی پڕۆسەکە بکات، هاوکات ئاماژەش بەو هەنگاوانە بکات کە پێویستە لە داهاتوودا بنرێن.
لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، ئۆجەلان چەند جارێک لە رێگەی نامە، پەیام و دیدارەکانی لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی، بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سوریا، بڵاوکردووەتەوە.