بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە هەڵیکوتابووە سەر ماڵی پوری و دوای ئازاردان و ئەشکەنجەدانێکی زۆر و بریندارکردنی، زێڕەکانی دەدزێت و هەڵدێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی نووسینگەی ناوبراو لە رووداوێک کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، رێکەوتی 24/2/2026، لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ روویدابوو، تۆمەتبارێکی دەمامکدار هەڵیکوتابووە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو کە بەتەنها دەژیا، دوای ئەوەی تۆمەتبار ژنەکە دەبەستێتەوە و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات، تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر زێڕەکانی دەدزێت و هەڵدێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ بڕیاری دادوەر بۆ رووداوەکە وەرگیرا و هێزەکانیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربکرێت و دەستیشگیرا بەسەر زێڕە دزراوەکەدا.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، تۆمەتبار ناوی (ش، ع، ح) لەدایکبووی ساڵی 1987ـە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت، کە تۆمەتبار خوشکەزای سکاڵاکارە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.