بەرپرسی نووسینگەی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە کارمەندانی رۆژی دەنگدان دەتوانن ڤیزاکاردەکانیان وەربگرن و بڕی پاداشتەکانیان وەربگرن.
ئامانج عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، “بۆ یەکەمجارە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕی ئەو پاداشتەی بۆ کارمەندانی رۆژی دەنگدان دیاریکردووە لە رێگەی ڤیزاکاردەوە دابەشیدەکات”.
وتیشی، “نووسینگەی سلێمانیی کۆمسیۆن، 14 هەزار و 378 کارمەندی هەبوو کە ساڵی رابردوو بەشداربوون لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێستا سەرجەمیان ڤیزاکاردیان هەیە و لە ئەمڕۆوە دەستدەکرێت بە دابەشکردنیان بەسەر کارمەنداندا”.
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی ڤیزاکاردەکە، ئامانج عەزیز ئاشکرایکرد، “هەموو کارمەندێک دەزانێت کە سەر بە چی بنکەیەکی تۆمارکردنە و پێویستە کارتی نیشتمانی لەگەڵ خۆیدا ببات ئەو بنکەیە، بەوشێوەیە دەتوانێت ڤیزاکاردەکە وەربگرێت، دواتر دەتوانێت لە رێگەی بنکەکانی کیوکاردەوە بڕی پاداشتەکەی وەربگرێت”.