رۆژنامەی لێ مۆندی فەڕەنسی لە راپۆرتێکدا دەرئەنجامی دزەیەکەی مۆزەخانەی لۆڤەری بڵاوکردووە.
رۆژنامەی لێ مۆندی فەڕەنسی لە راپۆرتێکدا دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دزییە گەورەکەی ساڵی رابردووی مۆزەخانەی لۆڤەری لە پاریس بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێوازێکی هەڵە و کەمتەرخەمییەوە مۆزەخانەی لۆڤەر بەڕێوەبراوە، ئەم کەمتەرخەمییە ئاسانکاریی کردووە بۆ ئەوەی یەکێک لە گەورەترین دزییەکانی ئەم سەدەیە لە مۆزەخانەکە ئەنجامبدرێت و بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار زێڕ و خشڵی گرانبەها لە مۆزەخانەکە بدزرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەریەکە لە ئەلێکساندەر پۆرتێر و ئەلێکسیس کۆربێر بەرپرسی لێکۆڵینەوە بوون لەو دۆسیەیە، پاش 70 دانیشتن، گوێگرتن و وتەوەرگرتن، لە هەڵسەنگاندنەکەیاندا، رەخنەیان لە لاورانس دێس کارس، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی لۆڤەر گرتووە، کە کەمتەرخەم بووە، لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی ئیمانوێل ماکرۆن کردووە، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، تا ئێستا، سەرجەم ئەنجامدەرانی دزییەکەی مۆزەخانەی لۆڤەر دەستگیرنەکراون، هەروەها ئەو هەشت پارچە خشڵەی دزراوە، نەگەڕێندراونەتەوە، پۆلیسی فەڕەنسا چوار کەسی بە تۆمەتی دزییەکە دەستگیرکردووە و گوماندەکرێت دووانیان ئەنجامدەری دزییەکە بن.