حەمەی حەمەسەعید: داوامکردووە زمانی هەورامی لە خوێندنگەکان بخوێندرێت بەڵام جێبەجێنەکراوە

وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، کۆششدەکەین زمانی هەورامی بخرێتە ناو پڕۆگرامی خوێندنەوە.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی زمانەوە نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، “بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە ئاخێوەرانی تەواوی زمانەکانی جیهان بە گشتی، هەروەها زمانە دێرین و رەسەنەکان لە کوردستان بەتایبەت دەکەین”.

دەشڵێت، “هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، گەنجینەیەکی گەورەی ئەدەبی بەو زمانە وەک میراتی رۆشنبیری لە بەردەستماندایە، بەڵام بەداخەوە بە گوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینەی سەر زەمینی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، ئێمە لە وەزارەت پڕۆژەی خوێندنی تەنیا یەک وانەمان لە پۆلە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردەدا پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردە کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “سەرەڕای کۆششەکانمان و تاوتوێکردنی ئەو پرسە لە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێنەکراوە، بەو پێیەی خوێندن بە زمانی دایک، هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی زمان لە کۆمەڵگەی کوردستان دروستناکات، بگرە خزمەتێکی گەورە بە کاروانی رۆشنبیری و میراتی کەلتووریمان دەکات”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share