قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ئەكادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی كادیرانی سەر بە مەڵبەندی دیراساتی گشتیی بەسەر كردەوە و لەلایەن دكتۆر یوسف گۆران، لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و خوێندكارانی ئەكادیمیاوە پێشوازی لێكرا.
لە وتارێکدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “چاومان لە ئێوەیە ببنە پردی پەیوەندیی نێوان نەوەی رابردوو و ئێستای حزبەكەمان، زۆر كێشە و ئاڵنگاری هەیە، كە دەبێت چارەسەری بكەن، چونكە ئەوەی ئێوە لێرە فێری دەبن، دەستپێكێكە بۆ قۆناغی داهاتوو”.
باسی لەوەشكرد، “دەبێت هەمیشە متمانەتان بەرزبێت و من گەشبینم بە داهاتووتان، چونكە ئێوە دەبن بە ئەستێرەی نوێی حزبەكەمان، بۆیە ئێوە دەتوانن لەناو ئۆرگانەكاندا رۆڵی گرنگ و كارا بگێڕن”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە داهاتوویەكی نزیكدا لە هەولێر بەشێوەیەكی سەردەمیانە ئەكادیمیای كادیران دەكەینەوە، چونكە لەهەولێر و بادینان و دەوروبەریدا پێویستمان بە كادیری زیاتر دەبێت”.