وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە 36 ملیار دینارەکەی دیکەمان بۆ بنێرێت

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان بە راگەیەندراوێک، وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، پارەی کەم بۆ مووچە نێردراوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان:

سەبارەت بە مووچەی مانگی کانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەموکوڕییەوە، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان کراوە، بە پێویستمان زانی وەک وەڵامێک بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم راستییانەی خوارەوە بکەینەوە.

1- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بودجەی 2023، 2024، 2025، مووچەی هەرێمی کوردستان تێکڕا لە بەغدادەوە خەرجکراوە، واتە هەر کەموکوڕییەک لە مووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێمی کوردستان لەو سێ ساڵە روویدابێت، وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.

2- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە رامانگەیاند کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە 36 ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی، شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر، (بۆ نموونە خانەنشین هەیە 12 مووچەی وەرنەگرتووە، بەڵام تەنیا یەک مووچەی بۆ هاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێكیان مووچەی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ بەڵام تەنیا یەک مووچەیان بۆ هاتووە).

3- بەپێی نووسراوی ژمارە 366 لە بەرواری 27ـی 1ـی 2026، داوای خەرجکردنی بڕی 281 ملیار و 125 ملیۆن و 471 هەزار و 216 دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرجکردووە، کە بڕی 36 ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕی 244 ملیار و 764 ملیۆن و 606 هەزار و 357 دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.

4- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتی 12ـی 2ـی 2026، نووسراوی دووەممان بە ژمارە (1164/4/7) ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار و 859 دینارمان دینارمان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.

5- بەبیر هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە، کە بەشێوەی ناڕەوا هێرشدەکەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە، دەبێت چاوەڕێ بن رووبەڕووی دادگا ببنەوە لەپێناو سەلماندنی راستییەکان.

لەکۆتاییشدا بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین، ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە بەغداد و هەموو مەحفەلەکانی تردا، بە شانازییەوە تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش هەموو کەس و لایەنەکانی تر.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share