22 ساڵ بەسەر رۆژی مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلالدا تێدەپەڕێت، كە تیایدا بە بەڵگە و نەخشەی مێژوویی، كوردستانیبوونی كەركوكی سەلماند.
22 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 9ـی شوباتی ساڵی 2004ـدا، سەرۆک مام جەلال، لە كۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی حوكمدا، پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان کرد و رایگەیاند، “پێویستە ئەنجومەنەکە دان بنێت بە فیدراڵییەتی كوردستاندا، كاریش لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوک بکات”.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک مام جەلال، بە بەڵگە و نەخشەی مێژووییەوە، كوردستانیبوونی شاری كەركوكی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم سەلماند و ئاماژەی بەوەشدابوو، گەلی کوردستان، لەنێوان چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە، كە ئەوانیش توركیا، عێراق، ئێران و سوریان.
“مافی گەلی كورد رەوایە، دەبێت دانبنرێت بە زمانی کوردیدا كە زمانێكی رەسمیی وڵاتە، هەروەها پێویستە كورد و توركمان بگەڕێنەوە شوێنی راستەقینەی خۆیان و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە یاسای بەڕێوەبردنی كاتی دەوڵەتدا، بسەلمێندرێن”، سەرۆک مام جەلال لە کۆبوونەوەکەدا وای وت.