بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، دوو منداڵی دووانە بەهۆی دووکەڵەوە خنکاون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 06:00ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، تەرمی دوو منداڵ بە ناوەکانی (مەیلی مەریوان محەمەد) لە رەگەزی مێ و (میر مەریوان محەمەد) لە رەگەزی نێر کە هەردووکیان دووانەن و تەمەنیان شەش ساڵە، دانیشتووی رانیە/ گەڕەکی تیتۆکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە وتەی کەسوکاریان، شەوی رابردوو لە ژووری منداڵەکان هیتەری کارەبا کاریکردووە و فەرشی ژێر هیتەرەکە گەرمبووە، ئەمەش بووەتەهۆی دەرکردنی بۆن و دووکەڵ لە ژوورەکەدا و هەردوو منداڵەکە بەهۆی دووکەڵی فەرشەکانەوە، خنکاون.
باس لەوەشدەکات، تەرمی هەردوو منداڵەکە دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادوەریی رانیە، رادەستی کەسوکاریان کرایەوە؛ پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
پۆلیسی راپەڕین ئاگاداری هاوڵاتییانیش دەکاتەوە، شەوان لە کاتی خەوتندا ئامێرە کارەباییەکان بکوژێننەوە تا بەدووبن لەم رووداوانە.