دامەزراوەی میدیایی نالیا: پارتی بەناوی حکومەتەوە چونەتە سەر کەناڵەکەمان

دامەزراوەی میدیایی نالیا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە داخستنی نووسینگەکانی هەولێر و دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاوکردەوە.

دامەزراوەی میدیایی نالیا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی هەولێر و دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و بەناوی حکومەتەوە چوونەتە سەر نووسینگەی کەناڵەکانی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆک و هەردوو نووسینگەکەیان داخستووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەوەی رێگە بە تیمە رۆژنامەنووسییەکانی ئێن ئاڕ تی نەدراوە کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکان ببەنە دەرەوەی نووسینگەکە، هەروەها لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بڕیاری قەدەغەکردنی کاری رۆژنامەوانی لە ئێن ئاڕ تی دراوە، بەبێ هیچ بنەما و پاساوێکی یاسایی و لۆژیکی، لە کاتێکدا وەزارەتی رۆشنبیری بێئاگایی خۆی لە بڕیارەکە دەربڕیوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە سەرباری ئەوەی کاری رۆژنامەوانی پیشەییانەی خۆمان لە چوارچێوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسیدا دەکەین، ئەم رەفتارەی پارتی بە دەستدرێژییەکی ئاشكرا بۆ سەر کاری رۆژنامەنووسی و رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دادەنێین و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین.

باسی لەوەشکردووە، داوا لە کۆنسوڵخانەی وڵاتان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان دەکەین، فشاری زیاتر لە دەسەڵات بکەن، چونکە ئەم جۆرە رەفتارانە جگە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی را دەربڕین و رۆژنامەوانی، ناوبانگی هەرێمی کوردستانیش لەکەدار دەکات، بیری هەموو لایەکی دەخەینەوە کە یاسای ژمارەی 35ی ساڵی 2007ی کاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان هیچ بەند و بڕگەیەکی تێدا نییە کە رێگە بە داخستنی کەناڵی راگەیاندن و میدیایی بدات.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share