لەتیف نێروەیی بۆ فوئاد حسێن: 8 ساڵە جێگری سەرۆکوەزیرانیت کێشەی مووچەت چارەسەر نەکردووە بەڵکو خراپترت کردووە

لەتیف نێروەیی رایدەگەیەنێت، فوئاد حسێن هەشت ساڵە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، نەک هەر کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانت پێ چارەسەرنەکراوە بەڵکو ساڵ لەدوای ساڵ پرسەکە ئاڵۆزتر و خراپتر بووە.

لەتیف نێروەیی، بەرپرسی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نووسیویەتی، “سەردانەکانی دکتۆر فوئاد حسێن کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بۆلای لایەنەکان ئاساییە، بەڵام ئەوەی کە ئاسایی نییە ئەوەیە کە لە سەردانەکانیدا بۆلای لایەنێکی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە یەکێتی گرتووە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە بێدەنگیی بەرپرس، کادیر، پەرلەمانتاران و میدیای یەکێتی لەسەر قسەکانی جەنابیان و هەندێک سەرکردە، پەرلەمانتار و کادیرانی حزبەکەیان تەنها هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی و نامانەوێت لە بەغداد شەڕە دەنوک بکەین”.

وتیشی، “بەڵام کاتێک جەنابی دکتۆر فوئاد لەلای حزبێکی کوردستانی، یەکێتی رەخنەباران بکات، دەبێت ئەو مافەش بە یەکێتییەکان بدات کە پێی بڵێین، کاک دکتۆر فوئاد خۆزگە لە پاڵ رەخنەگرتن لە یەکێتی باسی لە سەرکەوتنی ئەزموونی خۆتت نەکردایە، چونکە هەشت ساڵە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵیت، نەک هەر کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانت پێ چارەسەرنەکراوە بەڵکو ساڵ لەدوای ساڵ پرسەکە ئاڵۆزتر و خراپتر بووە، ئیدی نازانین دەتەوێت کامە ئەزموون و کامە پرۆژە ببەیتە سەرۆکایەتیی کۆمار و کامە خزمەت لە بەغداد پێشکەش بە گەلی کوردستان بکەیت؟”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share