ستران عەبدوڵا: عەلی سالم ئەلبیزیش فەوتی کرد

ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، نووسینێکی لە هەژماری خۆی بڵاوکردووەتەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

عەلی سالم ئەلبیزیش فەوتی کرد، هەشتا و شەش ساڵی تەمەنی، یەمەنی بەسەر دوو دەیە، دوو وڵات و دوو مەنفای ناچاریدا دابەشکرد.

عەلی سالم ئەلبیز حاکمی چەپی یەمەنی باشوور بوو، کە بە رەسمی ناوی کۆماری یەمەنی میللی لێ نرابوو، لای دەستە راستییەوە یەمەنێکی تر هەبوو، کۆماری عەرەبی یەمەنیان پێدەوت، کە عەریف عەلی عەبدوڵلا ساڵح بە کۆکتێلی هاوپەیمانی نێوان ئەفسەر و عەشایەر، ئەفیونی عروبە و قاتی خۆماڵی، خەنجەر و جوگرافیا دژوارەکەی وڵات بەڕێوەیدەبرد.

یەمەنی عەلی سالم ئەلبیز یەمەنێکی پێشکەوتخوازی دۆستی سۆڤێت و پشتیوانی بزووتنەوە چەپەکانی ناوچەکە بوو، یەمەنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بە بەرتیلی نەوتی عێراق و خوردە خەرجی مەملەکەتەکانی کەنداو و رۆژگارانی رادەبورد.

کۆتایی هەشتاکان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقەتی رەوتی پێشکەوتخوازی نەما و یەکێتیی سۆڤیەتیش دەبابەکانی لە ئەفغانستان، کتێب و نامیلکەکانی دار دارۆغا و تەقەدومی لە کتێبخانە شۆڕشگێڕییەکان کشاندەوە، ئیتر هەردوو یەمەن تەگبیری یەکێتی ریزەکانی یەمەنیان کرد، سا بەڵکو بە هەردوولا یەمەنی سەعید کە لە کتێبە قەدیمەکاندا باسکراوە، پێکەوەبنێنەوە.

ئەندێشمەندانی چەپ لە یەمەنی باشوور کە دەیانزانی دوو حزبی شیوعی لە وڵاتێکدا جێیان نابێتەوە مەگەر یەکێکیان لادەربێت، نەیانزانی عەلی سەنعا لەگەڵیان هەڵناکات، چوزانن ئەمە بۆ دوو عەلیش هەر وایە؟!

زۆری پێ نەچوو، سەرۆک عەلی سەنعا لەگەڵ جێگر عەلی عەدەن پێکهەڵشاخان.

عەلی سالم ئەلبیز جاڕی دا کە چۆن دەبێت هەموو داهات و دەرهەم لە یەمەنی باشوور و لە بەهەشتی عەدەنەوە دێت، کەچی حکومەتی پاوانخوازی سەنعا بەشیان نادا و وەک کابرای ئەوبەر جیاکاری دەنوێنێ و سزای سیاسی دەرحەق بە یەمەنەکەی تر پەیڕەو دەکات؟

ئیتر جوڵانەوە لەسەر جوڵانەوە سەریکێشا بۆ سەرهەڵگرتنی یەکجارەکی بۆ مەنفا، تا دوعای مەزڵومانەی عەلی ساڵح ئەلبیز لە بەهاری عەرەبیدا سەری عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی خوارد و دەرکەوت یەمەنی لە هەردوو بەشەکە پێکهاتوو یەمەنێکی بەدبەختە، نەک یەمەنی بەختەوەر و سەعید.

ئێستا واقیعەی یەمەن بۆتە زەلکاوی ڤێتنام بۆ هەر کەسێک تەماحی تیا دەکات و نرخەکەشی یەمەنییە بێ چارەکان دەیدەن.

نە بەهار، نە سەعید و نە سۆشیالیزم ماوە و نە یەمەنیش بە یەک دەوڵەتی و بە دوو دەوڵەتی خۆیەوە گیرساوەتەوە.

بەختێ لە ئەزەل سیاچارە بێت

دەستی لێ مەدەن با ئاوەرە بێت!

ساڵحی سەنعا چەند ساڵە سەری لە قوڕ نراوە و ساڵحی نازناو سپی و رەشئەسمەری عەدەنیش ئەمرۆ کۆچیکرد، دوو عەلی بە زیندوویی لەسەر زەمینی یەمەن جێیان نابێتەوە، بەڵام لە ژێر خاک لە دوو قەبری تاریک و تەنگدا، وا جێدەگرن.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەجمەدینی غوڵامی: ئەوانەی دەڵێن نەورۆز جەژنی کورد نییە نابێت لە کوردستان بژین

هونەرمەند نەجمەدینی غوڵامی رایدەگەیەنێت، “ئەوانەی دەڵێن نەورۆز جەژنی کورد نییە نابێت لە کوردستاندا بژین”. نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی…
Total
0
Share