پێشڕەو مەلاوەیسی، رۆژنامەنووس و میدیاکار رایدەگەیەنێت، بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتڕاستی ئەو دروشمانەی كردەوە، كە سەركردەیەكی سیاسیی راستگۆ و سەریحە لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
پێشڕەو مەلاوەیسی لە پەیامێکدا نووسیویەتی، “ئەو پەیامەی ئەمشەوی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتڕاستی ئەو دروشمانەی كردەوە، كە سەركردەیەكی سیاسیی راستگۆ و سەریحە لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و حزب و كەسایەتییەكانی هەرێمی كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای كۆچی سەرۆک (مام جەلال)، شەقامی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەو جۆرە سیاسەتە غیاب بوو، بەڵام ئەو پەیامە خێرایەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێنەی غامزی سیاسیی هەرێمی تێكشكاند و جارێكی دی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی گێڕایەوە بۆ ئەو سەردەمەی خوێندنگە بێت، وەک رابردووی بۆ حزبە سیاسییەكان و پێیانی وت، “غرور لە سیاسەتدا بوونی نییە ئەگەر حزبێكی سیاسی لەپێناوی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەی تێبكۆشێت”، وتی، “حزب دەبێت لەپێناوی ستراتیج و بەرنامەی كارەكەی تێبكۆشێت و بەرژەوەندیی خەڵک لەپێش هەموو بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكانەوە دەبینێت”، ئەوە حزبی سیاسیی راستەقینەیە.
نووسیویشیەتی، “ئەم بافڵ جەلال تاڵەبانییە سەلماندی رێچكەشكێنە، كارە مەحاڵەكان دەهێنێتەبوون، ئەوەی بە حزب و لایەنە سیاسییەكان ناكرێت، ئەو دەیكات، بۆیە دەتوانم بڵێم، ئەم پەیامەی، جارێكی دیکە گێڕامانییەوە سەردەمی سیاسەتی سەرۆک (مام جەلال) و هەموو جۆرە غروورێكی سیاسیی تێكشكاند. بۆیە دەتوانم بڵێم، هەر ئەوە چاوەڕوانی كوڕێكی سەرۆک (مام جەلال) دەكرێت، كە لەپێناوی خەڵک و خاک و نەتەوە، هەموو بەربەستەكان بشكێنێت”.
پێشڕەو مەلاوەیسی باسی لەوەشکرد، “پەیامێک و هەزاران وشە، هیوای گێڕایەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، كە حزبێكی سیاسی هەیە، سەرۆكەكەی لەپێناوی بەدیهێنانی یەكڕیزی و داكۆكیكار لەسەر خواستەكانی خەڵک و هیوا بگێڕێتەوە بۆ شەقامی كوردی و ببێتەوە هیوا بۆ بێهیواكانی كوردستان، بژی و بەردەوامبە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان”.