بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو کێشە تەکنیکییەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەبوو چارەسەرکرا و بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراک دەکرێت.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە رابردوودا کێشەیەکی تەکنیکی لەنێوان وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەبوو، ئەمەش هۆکاری راگیرانی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان بوو.
وتیشی، هەر ئەمڕۆ لە بەغدادەوە پەیوەندیمان پێوەکرا کە دەستبکەین بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی هەشتەم بە گۆڕانکاریی مانگی 12، بۆیە دەتوانین بڵێین گرفتەکە چارەسەرکراوە و بە زووترین کات دەستدەکەین بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی هەشت.
ئەوەشی خستەڕوو، هاتنی بەشەخۆراکی مانگی هەشت سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەواندەوە کە دەوترا، بەشەخۆراکی هاوڵاتییان دەبڕدرێت، دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدەین کە پڕۆسەکە بەردەوامدەبێت.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی هەشت، کامەران فەتاح ئاشکرایکرد، دوو بۆ سێ رۆژمان پێویستە تا پارە و شمەکەکان دەگات، بۆیە دابشکردنی بەشەخۆراکی مانگی هەشت دەکەوێتە ناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو.