دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، عێراق و ڤێنزوێلا بەیەکدی بەراورد دەکات و دەڵێت، هەڵەمان کرد و دەبوو نەوتەکەی عێراقمان بۆ خۆمان هەڵبگرتایە، بەڵام لە ڤێنزوێلا ئەو کارە دەکەین.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ترەمپ بە تۆڕی MS NOWـی راگەیاند، ئیدارەکەی بەنیازە نەوتی ڤێنزوێلا دەربهێنێت و دەستی بەسەردابگرێت، لەکاتێکدا ئیدارەی جۆرج بووش، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ نەوتی عێراق نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ساڵی 2016ـدا وتم دەبوو نەوتەکە بۆ خۆمان هەڵبگرین، ئەوەش مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام دەبوو نەوتی عێراق بۆ خۆمان هەڵبگرین”.
ئاماژەی بەوەدا کە “جیاوازیی نێوان ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە عێراق کردوویەتی و ئەوەی لە ڤێنزوێلا کردوویەتی، لەوەدایە کە ئەمجارە وڵاتەکەی نەوتی ڤێنزوێلا بۆ خۆی هەڵدەگرێت”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “پێموایە دەتوانین بە کاتێکی کەمتر ئەو کارە بکەین، بەڵام پارەیەکی زۆری تێدەچێت، دەبێت بڕەپارەیەکی یەکجار زۆر خەرجبکرێت، کۆمپانیا نەوتییەکانیش خەرجی دەکەن، دواتر لەلایەن ئێمەوە، یان لە رێگەی داهاتەکانەوە وەردەگیرێنەوە”.