گەورەترین دزیی ساڵی 2025 ئاشکراکرا

دزیی سەدە لە ئەڵمانیا ئەنجامدرا و چەند دزێک توانییان نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ و چەندین کەلوپەلی گرانبەها لە بانکێکی پاشەکەوتکردن بدزن.

دزییەکە لە بانکی سپارکاس لە شاری گێلسنکیرشن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا روویداوە، بەشی پۆلیسی ئەو شارە ئاماژە بەوەدەدات، رووداوەکە لە فیلمەکانی هۆڵیود دەچێت و دزەکان ”بەشێوەیەکی زۆر پرۆفێشناڵانە” دزییەکەیان ئەنجامداوە.

بەوتەی شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ پۆلیس کردووە، دزییەکە لە شەوی یەکشەممە ئەنجامدراوە و بەرەبەیانیی دووشەممەی رابردوو، 29ی کانوونی یەکەمی 2025 ئاشکراکراوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی ئەڵمانی (dpa)، دزەکان توانیویانە نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ بدزن، دوای ئەوەی نزیکەی 3200 سندوقی پارەدانیان لەناو گەنجینەی بانکەکەدا شکاندووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەس لە دزییەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش وایکردووە کە ئەم دزییە یەکێک بێت لە گەورەترین دزیی بانکەکان لە مێژووی مۆدێرنی ئەڵمانیادا.

پاش دزییەکە بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا داخستنی لقەکەی راگەیاند، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کەلوپەلی ناو هەر سندوقێک تاوەکو 10 هەزار و 300 یۆرۆ بیمە کراوە و کڕیارە زیانلێکەوتووەکان لە رێگەی پۆستەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووەکانیان.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share