جێگرى پارێزگارى سلێمانى رایدەگەیەنێت، لە سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری، مەترسیی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ نییە.
شاهۆ عوسمان، جێگرى پارێزگارى سلێمانى لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری، مەترسیی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ نییە، سەرەڕای دابارینێکی زۆر، خۆشبەختانە ئەو رێوشوێنانەی لەپێناو سەلامەتیی گیانی هاوڵاتییان گیرابوونەبەر، سەرکەوتووبوون.
وتیشی، ئەمڕۆ بە یاوەریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و شارەوانیی رۆژئاوا، سەردانی گەڕەکی خەلیفاوامان کرد، کە مەترسیی رووخانی پردەکەی و هەندێک خانووی دەوروبەری هەبوو، بە بڕیاری لێپرسراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران، گفتوگۆمان لەگەڵ خاوەن خانووەکان کردووە و بڕیارە تا تەواوبوونی پرد و ئاوەڕۆکە، خانوویان بە کرێ بۆ بگرین.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری خێرا دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ دروستنەبێت و هاوڵاتییان سەلامەت بن، هاوکات ئاوەڕۆیەک لێرە هەیە، کە دراوە بە وەبەرهێنێک و لێرەوە داوادەکەین، دەستبەجێ دەست بە کارەکانی بکاتەوە، ئەگەر نا ناچاردەبین رووبەڕووی سزای یاسایی بکەینەوە.