كردنەوەی هەژماری بانكی لە هەرێم لەنێوان بێ متمانەیی و پێویستبووندا

بوونی هەژماری بانكی هەرچەندە لە جیهاندا وەك پێداویستییەكی سەرەكیی ژیانی ڕۆژانە تەماشادەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كردنەوەی ئەو هەژمارە لەلایەن هاوڵاتییانە گرنگی پێنادرێت.

شارەزایانی كەرتی دارایی و بانك لە هەرێمی كوردستان بوونی هەژماری بانكی بە گرنگ دەزانن و نەبوونی متمانەش لەنێوان هاوڵاتییان و بانكەكاندا بە هۆكاری دووركەوتنە لە بانك دەزانن.

“ساڵانێكە خەڵك هەستیان بە گرنگی بوونی هەژماری بانكی كردووە”

شارەزایەكی كاروباری بانكی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، تا دێت پێویست بوون بە هەژماری بانكی زیاد دەكات بەڵام “خەڵكی متمانەیان بە بانكەكان نییە”.

لای خۆیەوە هاوار شێخ ڕەئوف، بەڕێوبەری پێشوی بانكە بازرگانییەكانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ژیان و ژیانی ئابوری پێشكەوتووە، پێویستبوونی كردنەوەی هەژماری بانكی دەچێتە پێشەوە، ساڵانێكە خەڵك هەستی بە گرنگی هەبوونی هەژماری بانكی كردووە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە بانكەكانی هەرێم بە كەرتی تایبەت و گشتیشەوە بەدەست بێمتمانەییەوە دەناڵێنن”.

هاوار شێخ ڕەئوف ئەوەشی خستەڕوو، “هاوڵاتییان ترسێكی زۆریان هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكاندا، بەتایبەت سپاردنی پارە بە بانكەكان”.

سەبارەت بە كوالیتیی بانكە ئەهلییەكانی هەرێم، هاوار شێخ ڕەئوف وتی، “بانكە تایبەتە بازرگانییەكانی هەرێمیش لە بانكی ناوەندیی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە، بانكی ناوەندیش هەر بانكێك پێوەرەكانی تێدا نەبێت مۆڵەتی ناداتێ، بەڵام گەندەڵی بە شێوەیەكی گشتی هەیە لە بانكە تایبەتەكان و بانكی ناوەندی”.

“كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، زۆر گرنگە بەڵام قورسیشە”

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە هەژماری بانكی بۆ تەواوی موچەخۆرانی حكومەتی هەرێم بكاتەوە، ئەوەش بە هەنگاوێكی گرنگ و مەحاڵیش دەبینرێت.

بەڕێوبەری پێشووی بانكە بازرگانییەكانی هەرێم لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد، “كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران زۆر زۆر گرنگە، بەڵام نایشارمەوە زۆریش قورس دەبێت، چونكە ئەم سیستمەی ئێستا لە هەرێم كاری پێدەكرێت لە بانكە حكومییەكان بە ئەلیكرتۆنی نەكراوە و تا ئێستا بە دەست كار دەكرێت، هەروەها بانكەكان پێكەوە گرێ نەدراون، ئەگەر بانكەكان بە ئەلیكترۆنی بكرێن و سمارت بكرێن، یەك ملیۆن فەرمانبەر ژمارەیەكی گەورە نییە”.

لەلایەكی دیكەوە، جەبار گۆران، شارەزای دارایی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەڕووی سیستمی بانكی و پەیكەربەندیی داراییەوە، بوونی هەژماری بانكی زۆر گرنگە، لەڕووی خولانەوەی ئابوریشەوە ئەگەر حكومەت یان كەرتی تایبەت موچە بە كاش بدات بە موچەخۆرانی، سیستمی حكومڕانی وەك دووكانداریی لێدێت، پارەكە دەدات و خەڵك دەیخوات و وەبەرهێنانی پێوەناكرێت”.

ئەو شارەزایەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر موچە لەڕێی هەژماری بانكییەوە بدرێت بە فەرمانبەران ئەوا وەبەرهێنان لەو پارەدا دەكرێت، ئەگەر متمانە هەبێت موچەخۆرەكە هەموو پارەكەی لە بانكەكەوە ڕاناكێشێت و بڕێكی لە دەهێڵێتەوە”.

ئێستا ئەوانەی پارەدارن ئەوەندەی متمانەیان بە بازاڕەكانی دراو هەیە، ئەوەندە متمانەیان بە بانكەكان نییە

سەبارەت بەوەی بۆ هاوڵاتییانی هەرێم هەژماری بانكییان نییە، جەبار گۆران وتی، “هۆكاری ئەوەی هاوڵاتییان هەژماری بانكییان نییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە بە بانكەكان، ئەو بێمتمانەییەش لەپاش 2014ەوە دروست بووە، هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە سویفتمان نییە و سیستمی بانكیی هەرێم نەبەستراوەتەوە بە بانكەكانی جیهانەوە”.

“ئێستا ئەوانەی پارەدارن ئەوەندەی متمانەیان بە بازاڕەكانی دراو هەیە، ئەوەندە متمانەیان بە بانكەكان نییە”، وەك جەبار گۆران ئاماژەی پێكرد.

بەڕێوبەری پێشووی بانكە بازرگانییەكانی هەرێ هۆكاری ئەو بێمتمانەییە زۆرەی گەڕاندەوە بۆ دوو ڕوداوی مێژوویی لەوانە، “تەجروبەی خەڵك لە ڕاپەڕینەكە، ئەوەی پارەی لە بانك هەبوو توشی كێشە بوو پارەكەشی وەك پێویست دەستنەكەوتەوە، لە پاش 2014ەشەوە ئەم قەیرانەی دووچاری هەرێم بووەوە بێ متمانەیی دروستكرد، چونكە چەند حاڵەتێكی مایەپووچبوونی بانكە ئەهلییەكان هەبوون”.

كردنەوەی هەژماری بانكی لە عێراق بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی خراونەتەڕوو، لە عێراقدا نزیكەی 5 ملیۆن هەژماری بانكیی چالاك هەن و ساڵانەش كردنەوەی هەژماری بانكی لە وڵاتەكە زیاد دەكات.

بەگوێرەی ئامارەكانی ڕابیتەی بانكە تایبەتەكانی عێراق كە دوێنی شەممە 30ی كانونی دووەم بڵاوكراونەتەوە، ژمارەی ئەو هەژمارە بانكییانەی لە بە گشتی لە عێراقدا كاردەكەن، گەیشتووەتە زیاتر لە 4 ملیۆن و 800 هەزار هەژمار.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەی ئەو كارتە بانكییانەشی چالاكن لە عێراقدا زیاترن لە 11 ملیۆن و 200 هەزار كارت.

عەلی تاریق، بەڕێوبەری جێبەجێكار لە ڕابیتەی بانكە تایبەتەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “ئەو ژمارەیە لە هەژماری بانكی لە عێراق ڕێژەیەكی زۆرباشە، هەروەها دەری دەخات كە ساڵانە بە ڕێژەی 44% گەشەی كردووە”.

ئەو بەرپرسەی ڕابیتەكە هۆكاری گەشەسەندنی كەرتی بانكی لە عێراق گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، بەرنامەی حكومەت بۆ بە بانكی كردنی موچە و كردنەوەی كۆمپانیای نوێ و هەوڵدانی هاوڵاتییان بۆ هەڵگرتنی پارە لە بانكەكان بەهۆی سوودەكەیەوە هۆكارن بۆ زیادبوونی هەژماری بانكی.

ڕاشیگەیاندووە، لە سەرتاسەری عێراقدا ئێستا هەزار و 170 ئامێری پارەدانی ئەلیكترۆنی بوونی هەیە.

ژمارەی بانكەكان لە عێراق

بەگوێرەی ئەو ئامارەی سایتی بانكی ناوەندیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، حەوت بانكی حكومی، یەك بانكی حكومیی ئیسلامی، 28 بانكی ئیسلامی ناوخۆیی، 24 بانكی بازرگانیی ناوخۆیی، 19 بانكی بازرگانیی بیانی، دوو لقی بانكە ئیسلامییە بیانییەكان و 2 نوسینگەی نوێنەرایەتیی بانكە بیانییەكان.

بابەتی پێشتر

باڵیۆزخانەی توركیا لەبارەی ڤیزاوە ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

پەرلەمانی سوریا لەبارەی دوو شاری کوردییەوە داوایەک ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share