بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی رایگەیاند، “هەفتەی داهاتوو پاداشتی مۆڵەتی کۆکراوەی شەش مانگی خانەنشینان دابەشدەکرێت”.
ئەشرەف فازڵ، بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “سەرجەم مامەڵەکانی خانەنشینانمان تەواوکردووە بۆ ئەوەی پاداشتی مۆڵەتی کۆکراوەی شەش مانگیان بۆ خەرجبکرێت”.
وتیشی، “پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا ئەو پاداشتەی خانەنشینان دابەشبکرێت، هەموو پارەکە بە یەک گوژمە خەرجدەکرێت، بەڵام بە قۆناغ بەجۆرێک هەر رۆژەی پاداشتی ژمارەیەک خانەنشین دابەشدەکرێت”.
لەبارەی 12 مووچەکەی خانەنشینان کە بە ئیکرامییە ناسراوە، ئەشرەف فازڵ، وتی، “لەلایەن بەغدادەوە پارە خەرجدەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردن دیارینەکراوە”.
لەهەرێمی کوردستان لەدایکبووانی سێ ساڵ کە فەرمانبەر بوون پێکەوە خانەنشینکران، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، چونکە مامەڵەی ئەو خانەنشینە نوێیانە بە سستی بەڕێوەدەچێت.